24 منداڵ لە سویسرا خوێندنی زمان و کولتووری کوردییان تەواوکرد
رووداو دیجیتاڵ
قوتابیانی خوێندنگەی کوردی لە کانتۆنەکانی زیورخ، بێرن، باسل، ئاراگاو و لوسێرن لە سویسرا ساڵی خوێندنی 2023 - 2024یان تەواوکرد.
حوسێن حەسەن دەنیز، بەرپرسی پەروەردەی کوردی لە سویسرا، بە رووداوی گوت: "24 منداڵی تەمەن 5 تاوەکو 14 ساڵ، لە چوارچێوەی پەروەردەی زمان و کولتووری وڵاتدا، لە لایەن مامۆستاکانیانەوە بڕوانامەیان پێ درا."
حوسێن کە خۆیشی مامۆستای وانەی زمانی کوردیی کرمانجییە، باسی لەوە کرد کە بڕاوانامەی قوتابییە کوردییەکان، بڕوانامەی فەرمیی سویسران؛ گوتیشی: "قوتابیان ئەم بڕوانامانەیان دەدەن بە مامۆستایانی قوتابخانەی سویسری و ئەو نمرانەی لە قوتابخانەی کوردی بەدەستیان هێناون، دەچنە سەر ئەو بڕوانامە سویسرییەی پێیان دەدرێت."
کۆمەڵەی پەروەردەی کوردی لە ساڵی 2007ـەوە دەستی بەم کارە کردووە بۆ ئەوەی پەرە بە زمان و کولتووری کوردی بدات.
لە کانتۆنەکانی زیورخ، باسل، بێرن، ئاراگوا و لوسێرن، قوتابخانەی کوردی هەن و زیاتر لە 80 منداڵ وانەیان تێدا دەخوێنن.
کۆمەڵە کوردییەکە لەگەڵ قوتابخانەی باڵای زانستی پەروەردەی زیورخ و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سویسرا هاوئاهەنگی دەکات.
لە یازدە ساڵدا قوتابخانەکە 21 پەرتووکی خوێندنی چاپکردووە بۆ ئەوەی منداڵان وەک سیستمی خوێندن سوودی لێ ببینن.
کۆمەڵەکە هەموو زانیاریەک لە بارەی پەروەردەی زمانی کوردییەوە لە ماڵپەڕێکی تایبەت بە خۆی لەژێر ناوی Hîndekariya Zimanê Kurdî بڵاودەکاتەوە.