رووداو - پاریس
مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس بە یەکێک لە گرنگترین مۆزەخانەکانی دنیا دادەنرێت و بەناوبانگترین مۆزەخانەی ئەوروپایە. بەناوبانگترین شاکارەکانی ئەم مۆزەخانەیە بریتین لە تابلۆی مۆنالیزا-ی لیۆناردۆ داڤینچی و پەیکەری ڤینۆسی خودای جوانی لای رۆمانییەکان و پەیکەری ئافرۆدێتی یۆنانی، لەگەڵ چەندین شاکاری دیکە و مۆزەی جیهانی کە لە لۆڤەری پاریس کۆکراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتى مۆزەخانەى لۆڤەر لە پایتەختی فەرەنسا دەڵێن بەهۆى تەقینەوە و هێرشەکانى سەر پاریس، ژمارەى سەردانیکەرانى ئەو مۆزەخانەیە کەمتر بووە.
لویس جازۆ، بەرپرسی ئاماری فرۆشتنی بلیتی رۆژانە لە مۆزەخانەکە بە (رووداو)ی راگەیاند، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کەلوپەل و پەیکەر و کاری هونەریی وڵاتانی جیهانی تێدا کۆکراوەتەوە. جازۆ گوتى "هەندێکجار ئەو پارەیەی بۆ هێنانی یەک تابلۆ بۆ لۆڤەر خەرج دەکرێت، سەدان ملیۆن دۆلارە".
جازۆ دەشڵێت، نرخى چوونە ژوورەوە بۆ ئەم مۆزەخانەکە 15 یورۆیە و رۆژانە 15 - 25 هەزار کەس سەردانى لۆڤەر دەکەن کە زۆربەیان گەشتیارن.
بەپێی ئاماری فەرمی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، لە ساڵی 2014دا زیاتر لە نۆ ملیۆن و 250 هەزار میوان سەردانی مۆزەخانەی لۆڤەریان کردووە، بەوپێیە داهاتی ئەو ساڵەی مۆزەخانەکە زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بووە.
ئەم مۆزەخانەیە ساڵی 1792 کراوەتەوە و ئێستا جیان لویس مارتینێز بەڕێوەی دەبات کە لەساڵی 1997ەوە وەک کارمەند لەو مۆزەخانەیە دەستبەکار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ