محەممەد ئاسۆ شێفە و گۆرانی لەبارەی خواردن دەڵێت

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئاسۆ، شێفێکی گەنجە لە هەولێر، جگە لە کارەکەی کە شێفییە، گۆرانیبێژ و وێنەکێشیشە، دوایین بەرهەمی بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ لەبارەی برنجی کوردییە.
 
محەممەد ئاسۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شێف پێش ئەوەی شێف بێت، دەبێت هونەرمەند بێت، چونکە شێف قاپێکی سپی دێنێت و دەینەخشێنێت، وەک ئەوە وایە وێنە لەسەر رەنگی سپی بکێشیت. گوتیشی، بەهۆی خۆشەویستی بۆ خواردن، گۆرانی لەبارەی خواردنەوە دەڵێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتر گۆرانییەکی لەبارەی دۆڵمە هەبووە، چونکە خۆی زۆر حەزی لەو خواردنەیە و ئەمجارە گۆرانییەکی لەبارەی برنجی کوردی بڵاوکردووەتەوە. روونیشیکردەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی بووتە شێف، زۆر حەزی لە خواردنە و حەز دەکات زۆر بخوات.
 
شێف محەممەد، لەبارەی چیرۆکی چوونە نێو دنیای شێفی و خواردنەوە، دەڵێت، لە منداڵییەوە حەزی بۆ ئامادەکردنی خواردن هەبوو "ئەوکات تا شتێکم ئامادە دەکرد ئەو ناوەم وێران دەکرد". دوای ئەوەی خوێندنی لە بواری گەشتوگوزار تەواوکردووە، لەلای شێفێکی فەرەنسی بەشێوەیەکی ئەکادیمی خوێندوویەتی، دواتر لەبارەی ئامادەکردنی خواردنەوە گەرمەکان لە ئەکادیمیایەکی ئیتاڵی خوێندوویەتی و ئێستا وەک شێفێک خاوەنی دوو بڕوانامەی ئەکادیمییە.
 
لەبارەی بیرۆکەی گۆرانیگتون بۆ خواردن دەڵێت: "شەوێکیان لەگەڵ هاوڕێیەکم هێندەمان خواردبوو، شەو خەومان لێنەدەکەوت، ئێوارەکەی دۆڵمەمان خواردبوو و شەوەکەش تەشریبمان خواردبوو، گوتمان بۆ گۆرانییەک لەبارەی خواردنەوە نەڵێین، لە هەموو وڵات و بە هەموو زمانێک گۆرانی لەبارەی خواردن هەیە". 
 
گوتیشی، جگە لە گۆرانیگوتن، وێنەش دەکێشێت، جارێکیان تابلۆیەکی کێشا و بەلایەوە سەیر بوو کە کارێکی جوان دەرچوو و لە دوای ئەوە لەو هونەرش بەردەوام بوو، بەڵام کاری راستەقینەی خۆی شێفییە و هونەریش وەک خولیاییەکە بۆ ئەو، ئێستاش لە هەوڵی ئەودایە فێری ئامێری ساز بێت.
 
محەممەد ئاسۆ، بە شێف محەممەد ناسراوە و رۆژانە ڤیدیۆی تایبەت بە چۆنیەتی دروستکردنی خواردن لە هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە.