سەفقان ئۆرکێش شەوانە سروود و گۆرانی لە رووداو پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، ئەمساڵ وەک هونەرمەند و پێشکێشکارێک لە بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەشدارە، شەوانە سروودی ئایینی و گۆرانی پێشکێش بە بینەران و بیسەران دەکات.
'پاشیڤ' کاژێر یەک تاوەکو سێی بەرەبەیان لە نێو یەکێک لە خانووە دێرینەکانی قەڵای هەولێر پێشکێش دەکرێت، سروودی ئایینی و گۆرانی یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی بەرنامەکەیە.
سەفقان ئۆرکێش، لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی لە هەولێر، شەوانە چەند گۆرانی و سروودێکی ئایینی پێشکێش دەکات.
هەروەها بڕگەیەکی تۆمارکراوی لە بەرنامەکەدا بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە کە ئەڵقەکانی لە رۆژئاوای کوردستان تۆمارکراون.
گرووپەکە لە شەش ژەنیار پێکهاتوون، شیاو کەمال (ڤایۆلین)، رێبوار عەبدوڵڵا (دەف)، زانا ئەنوەر (قانوون)، رەزوان خەلیل (نەی)، لێزان قادر (عود) و رێوان رەشاد (دەف)، شەوانە ئاوازی سروودەکانی عەزیزی و چەند پارچە میوزیکێک دەژەنن.
سەفقان ئۆرکێش ناوی تەواوی محەممەد رەمەزان حەسەنە، لە 1976 لە عامودای رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە منداڵییەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لە پارچە تەنەکە و دار ئامێری سازی دروستکردووە و میوزیکی ژەنیوە.
لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئاگری گۆرانی گوتووە، بەرهەمەکانی لەسەر کاسێت تۆمار و بڵاوکراوەنەتەوە، ئەو کات یەکەم منداڵ بووە لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، دواتر لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئۆرکێش کاری کردووە.
ئۆرکێش، خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانی و چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپیە، جگە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، کۆنسێرت و ئاهەنگی لە رووسیا، ئیمارات و قەتەر گێڕاوە.
جگە لە گۆرانیگوتن، توانای ژەنینی چەندین ئامێری میوزیکی هەیە و بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی لە نووسین و ئاوازی خۆیەتی.
ئەو هونەرمەندە کوردە دوو ساڵە وەک پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کاردەکات و جگە لە بەرنامەی 'پاشیڤ'، دوو بەرنامەی دیکەی بەناوی 'ئاوازێن رۆژئاڤا' و 'ژ رۆژئاڤا' پێشکێشکردووە.
سەفقان ئۆرکێش، لە قامشلۆ دەژی و پێشتر رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە هەر دۆخێکدا بێت، ئامادە نییە جێبیهێڵێت و لە کوردستان دەمێنێتەوە.