سبەی چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، بە 106 نمایشی دیزایینی جلوبەرگی دیزاینەر و براندە جیهانییەکانی بواری فاشن تایبەت بە وەرزی پاییز و زستان خستەڕوو و سبەی سێشەممە، چالاکییەکانی کۆتایی دێت.
36 نمایش بە ئامادەبوونی هۆگرانی بواری فاشن لە چەند شوێنێکی جیاواز لە پاریس بەڕێوەچوون و ئەوانی دیکە بە شێوەی ڤیدیۆی تۆمارکراو بڵاوکرانەوە.
سازکردنی هەفتە نمایشەکە لە دوای هەفتە نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک، هەفتە نمایشی جلوبەرگی لەندەن و هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان دێت.
چالاکییەکانی هەفتە نمایشەکە لە 28-2-2022 دەستیپێکرد و ماوەی نۆ رۆژ بەردەوام دەبێت و چالاکییەکان لە بەشێک لە مۆزەخانەکانی پاریس بەڕێوەچوون، لەوانە مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ و سەنتەری پۆمپد، جگە لە خانەی براندە جیهانییەکانی تایبەت بە جلوبەرگ.
یەکێک لە نمایشە گرنگەکان، تایبەت بوو بۆ یادی دیزاینەکانی ئیڤ سان لۆران، دیزاینەری فەرنسی کە لە 1936 لە جەزائیر لە دایکبووە، لە 2002 لە کارەکەی دوورکەوتەوە و لە 2008 لە پاریس کۆچی دواییکرد و بە یەکێک لە ناودارترین دیزاینەرانی سەدەی رابردوو دەناسرێت.
یەکێک لە نمایشە گرنگەکانی هەفتە نمایشەکە، نیشاندانی دیزاینەکانی، ماریا گراسیا چیاری، دیزاینەری ئیتاڵی بوو لە چوارچێوەی براندی دیۆری کە هەمان نمایش پێشتر لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
لە نمایشەکەدا نوێترین دیزاین تایبەت بە وەرزی پاییز و زستان بوون بۆ ژنان، لەلایەن ژمارەیەک نمایشکاری جلوبەرگ خرانەڕوو و زیاتر بریتبوون لە چاکەت و تەنوورەی درێژ و فراوان، رەنگی رەشیش بەسەر کۆلێکشنەکەدا زاڵ بوو.
ماریا گراسیا چیاری، تەمەن 52 ساڵ، لە دوای 17 ساڵ کارکردن لە کۆمپانیای ڤالانتینۆ، ئێستا وەک بەڕێوبەری بەشی داهێنان لە کۆمپانیای دیۆر کار دەکات.
لە نمایشەکەدا ژمارەیەک کەسایەتی هونەری ئامادەبوون، دیارترینیان ریانا، گۆرانیبێژ و دیزاینەری باربادۆسی بوو کە ئێستا دووگیانە.
بەهۆی دەرکەوتنی ریانا بە جلوبەرگێکی رەشی نیچمە رووت، رووبەڕووی رەخنەی بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بووەوە، لە بەرامبەردا ریانا وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە رەخنەیان ئاڕاستە کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو لەگەڵ کۆمەڵگە هاوڕا نییە کە بڕوایان وایە ژن لە کاتی دووگیانیدا سەرنجڕاكێش نییە، ئەو هیچ کاتێک بڕاوی بەو بۆچوونە نییە.
نمایشی دیزاینەکانی گەوشێر، بەشێکی دیکەی چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریسی پێکهێنا کە بە هەمان شێوە تایبەتبوون بە پاییز و زستانی.
جلوبەرگە نمایشکراوەکان لەلایەن ماری کریستین ستاتز دیزاینکرابوون و شوێنی نمایشەکە جیاواز بوو، ئەویش لە شەقامی ریڤۆلی لە نزیک مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس بوو.
ستاتز، رایەگەیاند، ماوەیەکی زۆرە دەیخواست دیزاینەکانی لە شەقام پێشکێش بکات، بە بڕاوی ئەو نمایشکردنی جلوبەرگ لە شەقام ئەزموونێکی هاوبەشە و هیچ بەربەستێکی نییە.
لە کۆلێکشنەکەدا، زیاتر رەنگی تۆخی لە بلوز و تەنوورە بەکارهاتبوون، وەک رەش، خۆڵەمێشی و شینی تۆخ.
بە بەشداری هەردوو خوشکی نمایشکاری جلوبەرگ، بێلا حەید و جیجی حەیدی، نوێترین دیزاینەکانی ڤیڤیان واستوێد لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەفتە نمایشەکە خرانەڕوو.
هەروەها پاریس جاکسن تەمەن 23 ساڵ، کچی مایکل جاکسن، شای میوزیکی پۆپ ئامادەبوو و نمایشەکە لە یانەیەکی باکووری پاریس بەڕێوچوو.
دیزاینەکان لەلایەن ئەندریەس کرۆنتێلەر، دزاینەری نەمسایی دیزاینکرابوون، جلەکان لە چەند پارچە کوتاڵێک دیزایین کرابوون کە بەشەکانی دیکەی پێشتر بۆ دیزاینی دیکە بەکارهاتوون.
ئەوەی لە نمایشەکە بۆ ئامادەبووان تایبەت و سەرنجڕاکێش بوو، بەشداربوونی کرۆنتێلەر بووە وەک نمایشکاری جلوبەرگی ژنان.
دیزاینەکان تەنیا تایبەت نەبوون بە دیزاینەرە ئەوروپییەکان، بەڵکو عوسمان یوسفزادە، دیزاینەری ئەفغانی بەشداربوو کە دیزاینەکانی بە کولتووری ئەفغانستان پەیوەست بوون.
لەو چالاکییە نێودەوڵەتییەدا، گرنگی بە بابەتی پاراستنی ژینگە و دووبارە بەکارهێنانەوەی کەرستە بەکارهاتووەکان درا، هەروەها بەکارنەهێنانی ئەو کەرستانەی دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە.
ئیزابێل مەرانت، دیزاینەری فەرەنسی، لە دیزاینەکانیدا رەچاوی ئەو مژارەی کردبوو و بانگەشەی بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی کەرستە بەکارهاتووەکان کرد.
ئیزابێل مەرانت، لە 12-4-1967 لە فەرەنسا لە دایکبووە، خاوەن براندێکی جلوبەرگە بە ناوی خۆی، لە 1997 خەڵاتی 'دێ لا مۆدە'ـی بەدەستهێنا، چەندین کەسایەتی ناسراو دیزانەکانی دەپۆشن، لەوانە کەیتی هۆلمز، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی و ڤیکتۆریا بیکهەم گۆرانیبێژی بەریتانی.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس ساڵانە دوو جار سازدەکرێت، یەکەمیان تایبەتە بە جلوبەرگی پاییز و زستان و دووەمیشیان تایبەتە بە بەهار و هاوین، تێیدا جلوبەرگی پیاوان و ژنان دەخرێنەڕوو، لەوانە براندی وەک دیۆر، شانێل و کینزۆ.
لەگەڵ هەرسێ هەفتە نمایشی جلوبەرگی لەندەن، میلان و نیویۆرک، چوار گرنگترین هەفتە نمایشی جلوبەرگ لە جیهاندا پێکدێنن، تاوەکو ئێستا رکابەریان بۆ دروست نەبووە، چالاکییەکانیان لە نیویۆرک دەستپێدەکات، دواتر لەندەن، پاشان میلان و دواهەمینیان پاریسە.
هەرچەند جموجۆڵ و پەیدابوونی دەزگا و خانەی تایبەت بە جلوبەرگ مێژووییەکی کۆنی لە فەرەنسا هەیە و بۆ 1868 دەگەڕێتەوە، بەڵام یەکەم هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس لە تشرینی یەکەمی 1973 بەڕێوەچوو.
ئیلی سەعەب، دیزاینەری لوبنانی ناوێکی درەوشاوەی نێو بواری فاشنە و نوێترین دیزاینەکانی لەم هەفتە نمایشە بەشداربوو کە لە 5-3-2022 لە پاریس بەڕێوەچوو.
ئەو دیزاینەرە کە دیزاینەکانی لەلایەن ئەستێرەکانی جیهان بۆ رێوڕەسمە گرنگەکان لەسەر فەرشی سوور دەپۆشرێن، لەم نمایشەیدا رەنگی سەوز، شین، ئەرخەوانی تۆخ و رەشی بەکارهێنابوو.
ئیلی سەعب، لە 1964 لە بەیروت لە دایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەهرەی لە بواری دیزایندا دەرکەوتووە و وێنەی جلوبەرگی بە وێنە کێشاوە و جلی بۆ خوشکەکەی دیزاین کردووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا لە پاریس خوێندوویەتی، دواتر گەڕاوەتەوە لوبنان و خانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە و وەک دیزاینەرێک کاری کردووە.
لە 1997 یەکەم کۆلێکشنی تایبەت بە خۆی لە دەرەوەی لوبنان بڵاوکردەوە، ئەویش لە ئیتاڵیا بوو و یەکەم دیزاینەری عەرەب بوو بەرهەمەکانی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی رۆما بخرێنەڕوو، لە 2002 هالی بێری، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار جلێکی لە دیزاینی ئەو دیزاینەرە پۆشی.