ژەنیارێکی ئەڵمانی میوزیکی 'ئای دلبەرێ' دەژەنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

جێسیکیا ڤایۆلۆنیست، ژەنیارێکی ئەڵمانی – پۆڵەندییە، بەرهەمێکی میوزیکیی کوردی بەناوی 'ئای دلبەرێ' بە ئامێری ڤایۆلین ژەنیوەتەوە کە بە یەکێک لە ئاواز و گۆرانییە ناسراوەکان لە نێو کورددا دەناسرێت، گۆرانییەکە لە هۆنراوەی فەقێی تەیرانە و لە ئاوازی هونەرمەند ئارام تیگرانە.
 
ئەو هونەرمەندە پێشتر پارچە میوزیکی'کەڤوکم'ـی ژەنیوەتەوە کە بەرهەمێکی کوردییە و لە رووی دابەشکردنی میوزیکییەوە بە یەکێک لە شاکارەکانی دڵشاد سەعید، ئاوازدانەری ناسراوی کورد دەناسرێت.
 
ئەو ژەنیارە ئەڵمانی بە رەچەڵەک پۆڵەندییە، لە 2023 بۆ ریکلامێکی بازرگانی سەردانی هەولێری کردبوو و ئەو میوزیکە کوردییەی ژەنییەوە.
 
جێسیکیا ڤایۆلۆنیست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەدوای ئەوەی ساڵی رابردوو سەردانی هەولێرم کرد و بەشداری پرۆژەیەکی سەرنجڕاکێشم کرد، هەوڵمدا زیاتر ئاشنای میوزیکی کوردی ببم، بۆیە لە ئینتەرنێت زیاتر بەدوای ئەو بابەتەدا گەڕام و لەبارەی هونەری کوردی پرسیارم لە هاوڕێکانم کرد". 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "میوزیکی زۆر خۆشی کوردیم دۆزییەوە، هەر لەئێستاوە میوزیکی دڵخوازی خۆمم دیارییکردووە، یەکێکیش لەوانە میوزیکی 'ئای دلبەرێ'یە، ئەوەندە حەزم لێکرد، هەوڵمدا تۆماری بکەمەوە، ئێستاش بە ئامێری ڤایۆلین، لە سەرجەم تۆڕە ستریمییەکان بەردەستە، بەنیازم کە چەندین پارچە میوزیکی کوردی دیکە تۆمار بکەم".
 
بەشێک لە چالاکییەکانی جێسیکیا، لە باکووری کوردستان و تورکیایە و لە ئاهەنگە خێزانییەکاندا بەشداربووە و میوزیکی کوردی و تورکی ژەنیوە و چەند جارێک لەگەڵ هونەرمەندە تورکەکان دەرکەوتووە.
 
جێسیکیا ڤایۆلۆنیست، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە ئامێری ڤایۆلین دەژەنێت، لە ئەکادیمیای هونەر لەبارەی ئەو ئامێرە خوێندوویەتی و زیاتر کار لەسەر دووبارە ژەنینەوەی میوزیکی نەتەوە جیا جیاکان دەکات.
 
هەر بەم دواییە میوزیکێکی بەناوی 'I've Never Been There' بە ئامێری ڤایۆلین ژەنیوەتەوە و بەرهەمی یان تێرسن، ژەنیاری فەرەنسییە.