كازم ساهیر ناسناوی خۆی دەگۆڕێت
رووداو - هەولێر
كازم ساهیر، هونەرمەندی ناسراوی عێراقی داواكارییەكی پێشكەشی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كردووە بۆ گۆڕینی ناسناوەكەی لە سامەڕاییەوە بۆ ساهیر، وەزارەتی ناوخۆش رەزامەندی لەسەر نیشانداوە.
لە داواكارییەکەی كازم ساهیر بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە "من هاووڵاتی كازم جەبار ئیبراهیم سامەڕایی، بەپێی ناسنامەی باری شارستانی كە لە فەرمانگەی باری شارستانی ناوچەی مەنسور دەرچووە.. دەمەوێ ناسناوی خۆم لە سامەڕایی بۆ ساهیر بگۆڕم، چونكە بە ناسناوی ساهیر نێوبانگم دەركردووە، بۆ ئەوەی جیاوازی لە مامەڵە تایبەتییەكانی دیكەدا روونەدات، بۆیە داواكارم رەزامەندی بفەرموون لەسەر گرتنەبەری رێكارە یاساییەكانی تایبەت بەو بابەتە".
هەیسەم غەرباوی، بەڕێوەبەری رەگەزنامەی گشتی و پاسپۆڕت لە بەغدا رایگەیاند "وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەو داواییەی كازم ساهیر بۆ گۆڕینی ناسناوەكەی بۆ ساهیر".
كازم ساهیر، هونەرمەند و ئاوازدانەری عێراقی لە 12ی ئەیلوولی 1957 لە شاری موسڵ لەدایكبووە، سەرەتای كاری هونەری لە ساڵی 1984 بە هاوكاری ئەسعەد غریری، هۆزانڤان دەستپێكردووە.
کازم ساهیر لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهان چەندین ناسناو و خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانەش ناسناوی قەیسەر و باڵیۆزی گۆرانی عەرەبی.