لە هەولێر بازاڕی هونەرمەندانی عەرەب گەرمە

07-02-2019
دەرباز یونس
نیشانەکردن میوزیک هونەرمەندانی عەرەب
A+ A-

رووداو-هەولێر

بەر لە قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعش، هەولێر وێستگەیەكی سەرەكی بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی عەرەب بوو بۆ سازكردنی ئاهەنگ و كۆنسێرتی گۆرانی، بەجۆرێك كە مانگانە هونەرمەندێك دەهاتە هەولێر یان سلێمانی و كۆنسێرتی دەكرد، بەڵام لە دوای 2014 بازاڕی هونەرمەندانی عەرەب بەهۆی زنجیرەیەك قەیرانی سیاسی و ئابووری كز بوو، ئێستا كەم كەم بازاڕی هونەرمەندانی عەرەب دەبووژێتەوە.


هونەرمەندێكی لوبنانی دەڵێت، ئەوان لەبەر خۆشەویستییان بۆ خەڵكی كوردستان دێنە هەولێر، ئەگەرنا لە لوبنان و وڵاتە عەرەبییەكان بازاڕیان گەرمە، خاوەن كۆمپانیایەكیش دەڵێت: ئەوان ئێستا ناتوانن هونەرمەندانی پلە یەكی وەكو ئەلیسا و نەجوا كەرەم و نانسی عەجرەم بهێننە كوردستان، چونكە تێچوویەكی زۆری دەوێت و گەرەنتی نییە قازانج بكەن، هەر بۆیە هونەرمەندانی پلە دوو و سێ‌ لە رووی ناوبانگەوە دەهێنن.

میلیسا كە خانمە گۆرانیبێژێكی لوبنانییە و لە مانگی رابردوو لە شاری هەولێر ئاهەنگێكی ساز كرد، دەڵێت: "ئێمەی هونەرمەندانی لوبنانی لەبەر خۆشەویستیمان بۆ خەڵكی كوردستان دێینە هەولێر، ئەگەرنا بە بەردەوامی لە بەیروت و وڵاتانی دیكەی عەرەبیش كۆنسێرتمان هەیە".

ئەو خانمە لوبنانییە نرخی ئاهەنگەكانی لە هەولێر ئاشكرا ناكات، بەڵام دەڵێت: "زۆر جار ئێمە پارەیەكی كەمتر لەوەی لوبنان و شوێنەكانی دیكە بۆ ئاهەنگێك یان كۆنسێرتێكی گۆرانی لە هەولێر وەردەگرین".

ئەو هونەرمەندانەی كە دێنە هەولێر و دواتر دەگەڕێنەوە، هەمیشە لە چاوپێكەوتنەكاندا دەڵێن پایتەختی هەرێمی كوردستان زۆر لەوە خۆشتر و سەرنجڕاكێشتر بووە كە ئەوان چاوەڕوانیان كردووە. بۆیە بەڵێن دەدەن جارێكی دیكە سەردانی بكەنەوە.

مریام كلینك لەو بارەیەوە دەڵێ: "بەر لەوەی بچمە هەولێر بەشێك لە هاوڕێكانم بە گومانەوە باسیان لە سەردانەكەم دەكرد، بەڵام خۆم زۆر ناوبانگی هەولێرم بە باشی زانیبوو". كلینك دەشڵێت: "هەموو كات ئامادەم بێمەوە هەولێر و كۆنسێرت و ئاهەنگ بكەم، چونكە پێشبینییەكانم زۆر لەوە زیاتر بوو، هەوادارانم زۆر دڵیان خۆشكردم".

هونەرمەندانی عەرەب لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەهێنرێنە كوردستان و لە هوتێلە پێنج ئەستێرەكان ئاهەنگی تایبەتیان بۆ رێكدەخرێ‌ كە هەندێجار تەنانەت رێكلامیش بۆ ئاهەنگەكانیان ناكرێ‌.

زانا كەریم، بەڕێوەبەری ماركێتینگی یەكێك  لەو كۆمپانیایانەی كە كۆنسێرتی گۆرانی بۆ هونەرمەندانی بیانی ساز دەكەن و لە رابردوودا چەندین هونەرمەندیان هێناوەتە هەولێر، دەڵێت: "ئێستا ناتوانین هونەرمەندانی پلە یەكی عەرەب بهێنین، چونكە پارەیەكی زۆر داوا دەكەن، خەرجیی زۆر دەكەوێتە سەر كۆمپانیا و هیچ گەرەنتییەكیش نییە كە بلیت بفرۆشرێت و زیانی گەورەمان بەرنەكەوێت، بۆیە ئێستا ئەو هونەرمەندانە دەهێنین كە بە نرخێكی كەم دێن".

زانا دەشڵیت: "هونەرمەندی عەرەب هەیە زیاتر لە 100 هەزار دۆلار بۆ ئاهەنگێك داوا دەكات، جگە لە خەرجی هاتن و چوون و مانەوەی خۆی و تیمەكەی".

لەیال عەبوود، هونەرمەندێكی بەناوبانگی لوبنانییە، ئێستا ناوبانگی لە چەند وڵاتێكی عەرەبیش بڵاوبووەتەوە، عەبوود بە هەفتەنامەی (رووداو)ی گوت: "لە ماوەی رابردوودا دەیان ئۆفەر و گرێبەستم لە هەولێرەوە بۆ سازدانی كۆنسێرت و ئاهەنگ پێگەیشتوون، بەڵام تا ئێستا نەگەشتوومەتە ریككەوتنێكی باش". باس لەوەش دەكات كە ئامادەیە بۆ كۆنسێرت و ئاهەنگ سەردانی هەولێر بكات.

بەشێك لە گۆرانیبێژانی كورد لە هاتنی هونەرمەندانی عەرەب و بیانی بۆ باشووری كوردستان نیگەرانن، ئەوان دەڵێن ئەمە كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانیان دروستكردووە، چونكە هونەرمەندانی كورد هیچ داهاتێكیان نییە، پارەی كۆنسێرت و ئاهەنگ نەبێت.
گۆرانیبێژێكی كورد كە شەوانە لە چەند رێستورانتێكی شاری سلێمانی گۆرانی دەڵێت و نایەوێت ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، گوتی: "هاتنی هونەرمەندانی عەرەب بۆ هەولێر بازاڕی هونەرمەندانی كورد دەشكێنێ".

ئەو هونەرمەندە باس لەوەش دەكات كە لە دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكان نەیانتوانیوە هونەرمەندانی عەرەب بۆ كوردستان بانگهێشت بكەن، بازاڕی هونەرمەندانی كورد جووڵا، بەجۆرێك كە بەشێكی هونەرمەندانی كورد ئێستا لە رێگەی ئاهەنگی بۆنەكان و ئاهەنگی دیكە لە هۆتێل و رێستورانتەكان، داهاتێكی گونجاویان دەستدەكەوێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە