ناوەڕاستی ئەمساڵ مەزنترین هۆڵی شانۆیی لە سلێمانی دەكرێتەوە

رووداو- سلێمانی

لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا، شاری سلێمانی خشتێكی دیكە دەخاتە سەر پرۆژەی پایتەختی رۆشنبیری، ئەویش تەواوبوونی شانۆی رۆمانییە كە شوێنی پێنج هەزار كەسی تێدا دەبێتەوە. بە گوتەی سەرپەرشتیارانی پرۆژەكە، شانۆی رۆمانی گەورەترین هۆڵی شانۆ دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

رۆژی 17/3/2004 د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی پاركی هەواری شاری لە سلێمانی دانا كە رووبەرەكەی 4400 دۆنمە. بەرهەم ساڵح هەر لەنێو ئەو پاركەدا باسی بیرۆكەی دروستكردنی شانۆی رۆمانیی كرد. لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا بەشێكی پاركەكە كرایەوە و وا بڕیاریشە ناوەڕاستی ئەمساڵ، شانۆی رۆمانی بۆ چالاكییە هونەرییەكان ئامادە ببێ‌.

پڕۆژەكە لەسەر دیزاینی شانۆی كۆلۆسیۆمی رۆما دروست دەكرێتەوە كە لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی رۆمادا دامەزراوە. پێشتر بەرهەم ساڵح، سەرۆكی بۆردی هەواری شار لە تویتێكدا وێنەی پرۆژەكەی بڵاوكردبووەوە و وەك پرۆژەیەكی كولتووریی گرنگ ناوی بردبوو.

شاری سلێمانی بە بڕیاری ژمارە 14ی پەرلەمانی كوردستان، لە ساڵی 2012ـەوە وەكو پایتەختی رۆشنبیری ناسێنراوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 20 ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكانی پایتەختی رۆشنبیری تەرخان كردووە، لەو بودجەیەش بڕی شەش ملیار دیناری بۆ شانۆی رۆمانی تەرخان كراوە.

شانۆی رۆمانی دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای هەواری شار و بەشێكی بە گردێكەوە و بەشێكی دیكەشی لە چاڵاییدایە. رێبین جەمیل، بەڕێوەبەری پاركی هەواری شار بە (رووداو)ی راگەیاند "بەشێكی ئەو هۆڵە چاڵە و بەشێكیشی بە گردەكەوە نووساوە، هۆكارەكەی ئەوەیە لەڕووی بودجەوە كەمتری تێبچێت و جوانیش بە شوێنەكە ببەخشێت، هەروەها لە بەشی سەرەوە واتە لە شوێنی دانیشتنی بینەرەكان، لە بەشی خوارەوەش خەڵك دەتوانن بێنە ژوورەوە".


تەندەری پرۆژەكە رۆژی 3/9/2014 دراوەتە كۆمپانیایەك، دەبوو لە ماوەی 600 رۆژدا تەواو بكرێت، بەڵام بە گوتەی دەریاس محەممەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەكە، بەهۆی گۆڕانكاریی لە دیزاینی شوێنی دانیشتنی بینەران و هەروەها بەهۆی نەمانی بودجە، ماوەی ساڵێك كاركردن لە پرۆژەكە وەستا.

دەریاس گوتی "سەرەتا لە دیزایندا وا دانرابوو شوێنی دانیشتنی بینەرەكان بە بلۆك و بەرد دروست بكرێت، بەڵام ئەو بلۆكەمان بۆ كۆنكرێت گۆڕی، چونكە بلۆكەكە مەترسی رۆچوونی هەبوو". هەروەها گوتی "پڕۆژەكە نزیكەی شەش ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە".

رووكاری دەرەوەی شانۆكە و شوێنی دانیشتنی بینەرانیش بە جۆرە بەردێكی تایبەت دروست دەكرێت، دەریاس گوتی "ئەو بەردە سروشتییە و لە شارەكانی قوم، شیراز و ئیسفەهان لە ئێران بەتایبەت بۆ ئەم تەلارە دروست دەكرێت، تێچووی زیاتری پڕۆژەكەش بەهۆی بەردەكەیە، چونكە ئەو بەردە شێوازێكی مێژوویی كۆن بە بیناكە دەبەخشێت، جگە لەوەش چەند پایەیەكی هەر لە ئێرانەوە بەتایبەت بۆ دێت، ئەو پێداویستییانەش لە تایبەتمەندییەكانی هۆڵەكەیە".



كامەران رەئوف، دەرهێنەر و شانۆكار كە شانۆی رۆمانی لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتالیا بینیوە، بە (رووداو)ی گوت "ئەگەر ئەو تەلارە لەسەر دیزاینی شانۆی رۆمانی دروست بكرێت كارێكی باشە، چونكە شانۆی رۆمانی دیزاینی تایبەتی خۆی هەیە لە سیستەمی دەنگ و بەكارهێنانی پێداویستییەكان و نابێت مایكرۆفۆنی تێدا بەكاربهێنرێ".

رێبین جەمیل گوتی "تایبەتمەندیی شانۆییەكە بە جۆرێكە كە سیستەمی دەنگی تێدا بەكارناهێنرێ، بەڵكو لە كاتی شانۆیی یان كۆنسێرتدا، ئامادەبووان بێ جیاوازی شوێنی دانیشتن، بە یەك ئەندازە گوێیان لە دەنگەكە دەبێت".

پایتەختی رۆشنبیری، خاوەنی چەند هۆڵێكی تایبەت بە شانۆ و كۆنسێرتە، لەوانەش هۆڵی رۆشنبیری، دوو هۆڵ لە تەلاری هونەر كە یەكێكیان گەورە و ئەوەی دیكەش مامناوەندە، هەروەها هۆڵی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكان. تەلاری تەواریش كە تایبەتە بە یەكێتی ژنانی كوردستان.

ئامانج ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەشی شانۆ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی، گرنگیی دروستكردنی شانۆی رۆمانی لە سلێمانی بۆ ناسناوی پایتەختی رۆشنبیری گەڕاندەوە و گوتی "هەر شارێك ئەو ناسناوەی هەبێت، گرنگە ئەو جۆرە تەلارانەی تێدا بێت و كاتێكیش میوانێك لە دەرەوە دێت دەتوانین شانازی بە شارەكەمانەوە بكەین و بڵێین خاوەنی شانۆی رۆمانین".

بە گوتەی دەریاس محەممەد، تاوەكو ئێستا 75%ی كارەكانی ئەو پرۆژەیە تەواو بوون و چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بكرێتەوە. هەروەها رێبین جەمیل گوتی "هەواری شار چالاكیی جۆراوجۆری تێدا دەبێت و ساڵانەش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و كۆنسێرت هەر لەو شوێنە دەكرێت، پلانیشمان وایە كە تەواو بوو، ریكلامی باشی بۆ بكەین".