مەریوان سەفائەدین ڤیدیۆکلیپی 'خەرامان' بڵاودەکاتەوە

دوێنێ کاژێر 07:55
پەسار فایەق
هونەرمەند مەریوان سەفائەدین لە ڤیدیۆکلیپی "خەرامان"
هونەرمەند مەریوان سەفائەدین لە ڤیدیۆکلیپی "خەرامان"
نیشانەکردن مەریوان سەفائەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند مەریوان سەفائەدین، نوێترین بەرهەمی بەناوی "خەرامان" بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، ژمارەیەک هونەرمەند و هاوڕێ هاوکاری بوونە.
 
مەریوان سەفائەدین بە رووداوی راگەیاند، "خەرامان" نوێترین ڤیدیۆکلیپیەتی، لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆرە و هێمن رەسوڵیان وەک پرۆدیوسەر کاری بۆ کردووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمە، کار بۆ چەند بەرهەمێکی دیکە دەکات، بەڵام وادەی بڵاوکردنەوەیان دیار نییە. گوتیشی، لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی، ژمارەیەک هاوڕێ و هونەرمەند هاوکاری بوونە. 
 
روونیشیکردەوە، ئامانجیان بووە ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە تا ڕادەیەک بە سادەیی بەرهەمبهێندرێت، بۆ ئەوەی بینەر زیاتر سەرنجی لەسەر گۆرانییەکە بێت.
 
ڤیدیۆکلیپی "خەرامان" لە دەرهێنانی دیار مەهدییە و لە شاخی سارا لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی وێنەگیراوە.
 
مەریوان سەفائەدین، لە 1972 لە هەڵەبجە لەدایکبووە، بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجە لە سلێمانی نیشتەجێبووە، لە 1996ـەوە رووی لە ئەوروپا کردووە و بەم دواییە گەڕاوەتەوە کوردستان، لە 1993 دەستی بەکاری هونەری کردووە. 
 
ئەو هونەرمەندە بە زۆربەی زاراوەکانی کوردی گۆرانی گوتووە، لە نیسانی 2022 وازی لە کاری هونەری هێنا، دواتر لەسەر داوای هۆگرانی لە بڕیاری وازهێنان پاشگەزبووەوە، خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە، ئەویش ئەلبوومی "دیە" لە (2002) و "جێژوان" لە (2006)ـە و زیاتر لە 20 ڤیدیۆکلیپ و چەندین گۆرانی تاکی هەیە.
 
پێشتر مەریوان سەفائەدین، لەبارەی وازهێنانی بە رووداوی راگەیاندبوو، بێسەروبەری هونەری کوردی هۆکاری دوورکەوتنەوەی بوو لە هونەر، بەڵام دواتر هەوادارانی پاشگەزیان کردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە