تایلەر سویفت کۆپی نوێی ئەلبوومێکی کۆنی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی، ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کۆپییەکی نوێی ئەلبوومی 'Speak Now' دەکات کە بەر لە 13 ساڵ بڵاوکراوەتەوە.
 
سویفت، ئەلبوومەکە بە هەمان ناوە و تۆمارێکی نوێی لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بۆ هەودارانی بڵاودەکاتەوە.
 
بڵاوکردنەوەی کۆپی نوێی ئەلبوومەکە کە کۆپی یەکەمی لە 2010 بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو گۆرانیبێژە دێت بۆ دووبارە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی پێشووی.
 
سویفت پێشتر دوو ئەلبوومی دیکەی بەناوی 'Fearless' و 'Red' دووبارە تۆمار و بڵاوکردەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، سویفت سەرقاڵی تۆمارکردنی چەند گۆرانییەکی نوێیە لە ستۆدیۆ و بڕیارە ئەمساڵ گەشتێکی هونەری ئەنجام بدات و زنجیرە کۆنسێرتێک لە سەرتاسەری جیهان سازبکات.
 
گەشتە هونەرییەکە لە ئازاری ئەمساڵ دەستپێدەکات و لە مانگی ئاب کۆتایی دێت و پێشبینی دەکرێت داهاتی کۆنسێرتەکانی ئەو گەشتە هونەرییە تەنیا لە ئەمریکا 591 ملیۆن دۆلار بێت.
 
ئەو هونەرمەندە لە 21ـی تشرینی یەکەمی 2022 نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'Midnights' بڵاوکردەوە و 13 تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت.
 
گۆرانییەکانی ئەلبوومەکە باس لە نیوە شەو دەکەن و سویفت لەبارەیەوە دەڵێت، چیرۆکی 13 شەوی بێخەو و پەرش و بڵاوی ژیانیەتی.
 
یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بەناوی 'Anti-Hero'یە و لە 21ـی تشرینی یەکەمی 2022 بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بڵاوکرایەوە.
 
تایلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.