ئەستێرەکانی جیهان لە جەددە لە رێگەی رووداوەوە باسی پڕۆژەکانی داهاتوویان دەکەن

06-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چوارەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، لە شاری جەدەی سعودیە بە ناونیشانی "ماڵی نوێی فیلم" بەڕێوەدەچێت. جگە لە پێشاندانی فیلم، چەندین کەسایەتیی دیاری جیهانیی بانگهێشت کراون و ئارەزوومەندانی فیلم لە سەرانسەری جیهان سەردانیان کردووە.
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە دا چەندین کەسایەتیی دیاریی جیهانی دواند و لەبەردەم مایکی رووداودا قسەیان بۆ هەوادارەکانیان کرد و باسیان لە پلان و پڕۆژە و بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کرد.
 
رۆب راکۆ، ئەکتەر و میوزیسیانی کەنەدی، لەبارەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بە رووداوی گوت: "ئەوەی سعودیە دەیکات وزەیەکی زۆر بە سینەما دەداتەوە. ئەو فیلمانەی کە بەشدارییان کردووە، ئەوە دەبینن کە ئەوەی لێرە هەیە لە دەرەوەی پێشبینییەکان و لە دەرەوەی ئەوەیە کە میدیای ئەمریکی پشانی دەدات."
 
گوتیشی: "بەپەرۆشم بۆ بینینی ئەوەی سعودیە چ دەبەخشێت و چ وەردەگرێت". 

 

 

 

 

 
ئەنگین ئاڵتان، ئەکتەری تورک یەکێکی دیکە بوو لەو ئەکتەرانەی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو و لەبارەی پرۆژەی داهاتووی قسەی بۆ رووداو کرد. 
 
لەبارەی ئەوەی کە دوای تەواوکردنی (The Story of Ballet) پڕۆژەی داهاتووی چی دەبێت، ئەنگین گوتی: "ئەم ساڵ کار لەسەر زنجیرە درامای تورکی ناکەم، تەنیا کار لەسەر فیلم دەکەم. پڕۆژەی داهاتووم دووبارە فیلم دەبێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو نازانم". 
 
 
سپایک لی، دەرهێنەری ئەمریکیش لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە بوو و لەبارەی پڕۆژەی داهاتووی بۆ رووداو دوا: "ئێستا من خەریکی بەرهەمهێنانی فیلمێکم کە (دێنزل واشنتن) رۆڵی تێدا دەگێڕێت. لە وەرزی هاوین دەردەچێت، فیلمەکە ناوی (هایەست تو لۆوێست)ـە و دووبارە پێشاندانەوەی فیلمی ژاپۆنی (های ئەن لۆو)ـە. ئەمە پێنجەم فیلمی منە لەگەڵ دێنزل واشنتن."
 
 
رووداو لە فێستیڤاڵەکەدا رۆژەڤی ناوچەکەشی لەبیر نەکرد؛ نەدین نەجیب، خانمە ئەکتەری لوبنانی لەبارەی ئاگربەستی لوبنانەوە گوتی: "لە راستیدا ئەو ئاگربەستەی ئێستا هەیە شتێکی باشە، ئاشتیمان هەیە، هیوادارم هەر وا بمێنێتەوە". 

 

نەدین نەجیب لە وەڵامی پرسیاری رووداو کە "گرنگی بە چ پرسێک بدرێت"، گوتی: "پێموایە پێویستە باسی ژنان بکەین، باسی دەستکەوت و ناڕەحەتییەکانی ژنان. هەروەک دەزانی کۆمەڵگە کولتوور و بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە و هەمیشە ژنان باجەکەی دەدەن. پێمخۆشە سەرنج بخەمە سەر ئەو چیرۆکە خەمگینانە". 

 

 
ئەم ساڵ فێستیڤاڵەکە لە 5ـی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد و بڕیارە تا 14ـی مانگ بەردەوام بێت. 

 

لە فێستیڤاڵەکدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشدارن، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20ـیان رێوڕەسمی فەرشی سووریان دەبێت و ستافی فیلمەکان ئامادە دەبن. 

 

48 فیلم یەکەم پێشاندانی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت، فیلمە عەرەبییە بەشداربووەکان ژمارەیان 66 فیلمە، 34ـیان فیلمی سعودین و 36 بەرهەمهێنەری فیلم، کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان دەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە