خەڵاتەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور دابەش دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

لە حەوتەم رۆژی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، خەڵاتەکان دابەش دەکرێن و بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد لە بەشی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە پێشبڕکێ دەکات و تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا بەشدارە.
 
خەڵاتەکان ئێوارەی پێنجشەممە، 7-12-2023، رادەگەیێندرێن و بەربژێرەکان و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دادوەری لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ تێدەپەڕنەوە.
 
دوو پێشبڕکێی سەرەکی لە فێستیڤاڵەکەدا هەن، یەکەمیان پێشبڕکێی دەریای سوورە و 17 فیلم لە پێشبڕکێدان و بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلم کە 23 فیلم لە پێشبڕکێدان. 
 
لە پێشبڕکێی دەریای سوور، بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" پێشبڕکێ دەکات و دوو پێشاندانی بۆ کراوە.
 
لە پێشبڕکێی کورتەفیلمدا، "جانتا" لە دەرهێنانی هەردوو دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان سامان حوسێنپوور و ئاکۆ زەند کەریمی لە پێشبڕکێدایە. فیلمەکە باس لە پەنابەرێکی کورد دەکات کە لەنێو جانتاکەیدا بیرەوەرییەکانی ماڵباتەکەی هەڵگرتووە، دواتر کەسێک ئەو جانتایەشی دەدزێت.
 
دوو پێشاندانی تایبەت بۆ کورتەفیلمی "جانتا" لە سینەما ڤۆکس لە فێستیڤاڵەکەدا کراوە و سامان حوسێنپوور یەکێک لە دەرهێنەرەکانی لە هەردوو پێشاندانەکەدا لە فێستیڤاڵدا ئامادەبوو.
 
لە بەشی پێشبڕکێی دەریای سوور، جگە لە بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام"، هەریەک لە فیلمی "وراء الجبال" لە دەرهێنانی محەممەد بن عەتییە، "نورە" لە دەرهێنانی تەوفیق زایدی، "نذیر شؤم" لە دەرهێنانی بالوجی، "مندوب اللیل" لە دەرهێنانی عەلی کەلیمی، "Six Feet Over" لە دەرهێنانی کەریم بن ساڵح هەن. 

 

 
هەروەها ئەم فیلمانەش لەم بەشەدا لە کێبڕکێدان، "کوالیس" لە دەرهێنانی عەفاف بن مەحموود و خەلیل بەنکران، "In Flames" لە دەرهێنانی زارار کان، "Dear Jassi" لە دەرهێنانی تارسم سینگ داندوار، "رۆکسانا" لە دەرهێنانی پەروێز شابازی، "Tiger Stripes" لە دەرهێنانی ئاماندا نیلل ئاو، "الفرید من نوعە" لە دەرهێنانی ئیرام بارڤین بیلال، "Evil does not exist" لە دەرهێنانی ریوسکی هاماگۆچی، "الاستاذ" لە دەرهێنانی فرح نابلسی، "Sunday" لە دەرهێنانی شوکیر خولیکوڤ، "انشاء اللە ولد" لە دەرهێنانی ئەمجەد رەشید و "دلما" لە دەرهێنانی حەمید سویدی.
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا بەڵگەفیلمی "جوانیی شاراوەی عێراق" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد کە وێنەی سەرکردەکانی کورد لەخۆدەگرێت، لە بەشی روانگەی نوێی لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بەشدارە.
 
كوردو دۆسكی، دەرهێنەری کورد بە فیلمی سینەمایی "دالكورد" لە بەشی هەڵبژاردەی فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە. عێراق، سوێد، ئەمریکا و کەنەدا لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە بەشدارە و باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی یانەی تۆپی پێی "دالکورد" دەکات کە لەلایەن ژمارەیەک گەنجی کوردەوە لە سوێد دامەزراوە. 
 
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەمی تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەو کرانەوە کولتوورییەی ئەو وڵاتە دێت و لە زۆربەی شارەکان فێستیڤاڵی هونەری سازدەکات.
 
فێستیڤاڵەکە هەرچەند تەمەنێکی کەمی هەیە، بەڵام بەهۆی بانگهێشتکردنی ئەستێرەکانی سینەما لە جیهاندا و پاڵشتیکردنی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئاستی جیهاندا، ناوبانگی بە باشی هەیە.
 
لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵدا، 1 کانوونی یەکەمی 2023، یەکەمین پێشاندانی بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە پێشاندرا و دەرهێنەری فیلم و کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون.
 
تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهێنەرێکی سەرەکیی فیلمەکەیە و تیمێکی رووداو رووماڵی فێستیڤاڵەکە دەکات و بۆچوونی بینەران لەبارەی فیلمەکان وەردەگیرێت.
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لەکاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
 
دوو دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی سامان حوسێنپوور و ئاکۆ زەند کەریمی بە کورتەفیلمی "جانتا" لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، فیلمەکە باس لە پەنابەرێکی کورد دەکات کە لەنێو جانتاکەیدا بیرەوەرییەکانی ماڵباتەکەی هەڵگرتووە، دواتر کەسێک ئەو جانتایەشی دەدزێت.
 
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا لە هەردوو بەشی "جوانترینەکانی عەرەبی" و "پێشبڕکێی دەریای سوور" بە درووشمی "چیرۆک لە فێستیڤاڵەکەتدا" فیلمەکان کێبڕکێ دەکەن، جگە لەو دوو بەش، بەشێکی دیکە تایبەت بە فیلمە سعودییەکان و بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلمەکان لەخۆدەگرێت.
 
گرنگییەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە لەوەدایە کە پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی فیلم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئەفریقا دەکات و بۆ خولی ئەمساڵ 36 فیلمی سینەمایی و کورتەفیلمی لە سعودیە بەرهەمهێناوە و فیلمەکان لە حەوت هۆڵی سینەما پێشاندەدرێن.
 
"حوجن" فیلمێکی سعودییە و لە دەرهێنانی یاسر یاسرییە و وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ هەڵبژێردراوە و لە رۆمانێکی پڕفرۆشی سعودی لە نووسینی ئیبراهیم عەباس وەرگیراوە.
 
فیلمەکە ناوەڕۆکێکی خەیاڵی هەیە و باس لە بوونی جن کە نێو جیهانی مرۆڤەکان دەکات و رووداوەکانی لە جەدە روودەدەن.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا ئەستێرەکانی جیهان ئامادەبوون، دیارترینیان جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی، ویڵ سمیس، ئەکتەری ئەمریکی، کریسی هیمسورس، ئەکتەری ئوسترالی و کاترینا کەیف، ئەکتەری هیندی و چەندین ئەستێرەی دیکە، هەروەها بڕیارە هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود نیکۆڵاس کەیج و هالی بێری لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە بن.
 
بۆ بینینی وێنەی ئەکتەرەکان، کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە:
 
فۆتۆستۆریی: ئەستێرەکان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دەریای سوور بە کامێرای رووداو