لە ڤانکۆڤەر فێستیڤاڵێکی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداری 11 فیلمی کوردی، یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر بەڕێوەدەچێت و فیلمی "جیران"ـی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری کورد، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ پێشاندەدرێت.
 
ساڵح عارف، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر، بە رووداوی راگەیاند، لە 12 و 13ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە ڤانکۆڤەری کەنەدا، کۆمەڵەی رۆشنبیریی کوردی – کەنەدی  یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر سازدەکات و پێنج سپۆنسەری هەیە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، 11 فیلمی کوردی لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێن، فیلمی "جیران"ـی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ دیارییکراوە. هەروەها فیلمی "ئەزموون"ـی شەوکەت ئەمین کورکی، دەرهێنەری کورد، لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت.
 
فیلمی "ئەزموون" باس لە کچێکی کورد بەناوی رۆژین دەکات کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکانی دوایین قۆناغی ئامادەیی ئامادە دەکات، بەمەبەستی چوون بۆ زانکۆ. خوشکە گەورەکەی، شیلان، بڕیار دەدات بەهەر جۆرێک بێت، یارمەتی بدات بۆ سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکاندا، بە ئومێدی ئەوەی ژیانێکی ئازادتری بۆ دەستەبەر بکات. لە ئەنجامدا خوشکەکان دەکەونە ناو تۆڕێکی گەورەی گەندەڵکاران، کە لە کۆمەڵگەدا بڵاوبوونەتەوە.
 
چیرۆکی فیلمی "جیران"ـی مانۆ خەلیل، باس لە گوندێکی بچووکی سەر سنووری رۆژئاوا و باکووری کوردستان دەکات، کوڕێکی تەمەن شەش ساڵانی کورد، یەکەم ساڵی خوێندنی لە قوتابخانەیەکی عەرەبیدا دەخوێنێت. فیلمەکە بە شێوازێکی گاڵتەئامێز باس لە منداڵییەک دەکات لە نێو دیکتاتۆرییەت و درامای تاریکدایە.
 
بەڵگەفیلمی "کچانی خۆر" لە دەرهێنانی رێبەر دۆسکی، دەرهێنەری کوردی دانیشتووی هۆڵەندا، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە. فیلمەکە لەبارەی کچانی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش و ئایندەی ئەو منداڵانەیە کە لە ژنی ئێزدی و پیاوە داعشییەکان لەدایکبوونە. 
 
ماوەی فیلمەکە 74 خولەکە و رۆی ڤان ئیگمۆند کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە. لە 2023 لە سینەماکانی هۆڵەندا پێشاندراوە.
 
بەڵگەفیلمێکی میوزیکی بەناونیشانی "حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس" لە دەرهێنانی پەرویز رۆستەمی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و باس لە فه‌لسه‌فه‌ی حەوت مەقامی کۆنترین ئامێری شمشاڵ لە ژیانی خەڵکی زاگرۆسدا دەکات. مۆنۆلۆگی پیرەمێردێکە کە 65 ساڵی تەمەنی لە ژەنینی شمشاڵدا بەسەر بردووە. 
 
"سەربووردە نەبیستراوەکان" کورتەفیلمێکی کوردییە لە باکووری کوردستانەوە بەشدارە و لە دەرهێنانی رەمەزان کلچە. باس لە کچێکی کورد دەکات کە هەوڵدەدات زەردەخەنە بخاتەوە سەر رووخساری داپیرەی، دوای نەمانی تەلەفزیۆنەکەی، کە تاکە پەنجەرە بوو دەیتوانی لێیەوە دنیا ببینێت.
 
یەکێک لە فیلمە بڵندە بەشداربووەکان، "ژیانی کلووەبەفرێک"ـە لە دەرهێنانی کازم ئۆز، دەرهێنەری کورد. ئەو دەرهێنەرە پێشتر میوانی رووداو بووە و لەبارەی چیرۆکی فیلمەکەی گوتی، فیلمەکە باس لە پەیوەندی خۆشەویستی نێوان کوڕێکی کورد و کچێکی تورک دەکات، بەڵام بەهۆی جیاوازی ئاینی و سیاسی، ناتوانن لە پەیوەندییەکەیان بەردەوام بن.  
 
فیلمی درێژی "هەنارم بۆ دان کردبووی" لە دەرهێنانی جەمال مەفاخیری، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، ئەم بەرهەمە چیرۆکی دوای خنکانی کارەساتبارانەی کوڕی هاونیشتمانییەک لە رووباری سیرواندا دەکات، هەورام هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەڵکی گوندەکەی دەپچڕێنێت و ئەوان بە هۆکاری لەدەستدانی کوڕەکەی دەزانێت. گۆشەگیر و تاڵ، بە تەنیا لەگەڵ نەوەکەیدا دەژی، لەکاتێکدا ژنەکەی بەهۆی رەفتارەکانییەوە جێی هێشتووە. بە تێپەڕبوونی کات، هەورام رووبەڕووی هەمان چارەنووسی کوڕەکەی دەبێتەوە، ئەمەش ناچاری دەکات تێڕوانینی بۆ ژیان هەڵبسەنگێنێتەوە. 
 
کورتە فیلمێکی دیکەی بەشداربوو لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر، بەناوی "ناونیشان"ـە و لە دەرهێنانی ئارام دڵدارە، چیرۆکەکەی بەم شێوەیە، سوپرایزێکی گەورە چاوەڕێی ئەو مامۆستایە دەکات، کاتێک بۆی دەردەکەوێت، لەگوندەکەی خۆی، کە وەک پشتی دەستی شارەزایە، دامەزراوە؛ ئەو گوندەشی، کە بۆی دیاریکراوە، لە هیچ نەخشەو تۆمارێکدا نییە.
 
کورتە فیلمی "عایشە" لە دەرهێنانی جەنگیز ئاکایگون، دەرهێنەری کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا،
لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و ناوەڕۆکی باس لە عایشە دەکات کە کچێکی بچووکی تەمەن دە ساڵ و یاخییە و بە زۆر کراوە بە باڵاپۆش و پەچە پۆش. 
 
"گرەیس" کورتە فیلمێکی دیکەی بەشدارە لە فێستیڤاڵەکەدا و لە دەرهێنانی وریا محەممەد، دەرهێنەری کوردی دانیشتووی کەندایە. چیرۆکەکەی باس لە کوڕێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات، بەهۆی تووشبوونی دایکی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چاودێری دەکات.
 
پەیام کوردستانی، بە کورتە فیلمی "خۆکوشتن بەشێوازی نیچە" بەشدارە. فیلمەکەی باس لە خاوەنی دەرمانخانەیەکی خۆکوشتن دەکات کە هەوڵ دەدات تا ژنە دووگیانەکەی منداڵی دەبێت، خۆکوشتنی تاکە مامانی شارەکە دوابخات. لە هەوڵەکانیدا شێوازێکی نوێی خۆکوشتن پەیدا دەبێت کە دەتوانێت خواستی ژیانکردن لە نێو کڕیارەکانیدا زیندوو بکاتەوە.