دۆڵی پارتن یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە قوربانیانی زریانی هیلین

06-10-2024
پەسار فایەق
دۆڵی پارتن یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە قوربانیانی زریانی هیلین
دۆڵی پارتن یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە قوربانیانی زریانی هیلین
نیشانەکردن زریانی هیلین دۆڵی پارتن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆڵی پارتن، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بڕی یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە قوربانیانی زریانی هیلین کە بەهۆیەوە 220 کەس لە شەش ویلایەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
دوای ئەوەی زریانی هیلین لە ئاستی چوارەمدا روویدا، لە 26ـی ئەیلوولی رابردوو گەیشتە کەناراوەکانی فلۆریدای ئەمریکا و بەرەو باکوور جوڵەی کرد، زیانێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانەش لە تێنیسی کە پارتن خەڵکی ئەو شوێنەیە. 
 
پارتن، لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە تێنیسی، ئەو هاوکارییەی بۆ قوربانییانی زریانەکە راگەیاند و لەسەر ئاوازی گۆرانییە بەناوبانگەکەی " Jolene" گۆرانی لەبارەی ئەو کارەساتە سرووشتییە گوت.
 
جگە لە بەخشینی ئەو ملیۆن دۆلارە، بەڵێنی دا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری دیکەش لە رێگەی کۆمپانیاکەی بە قوربانیان زریانەکە ببەخشێت.
 
بڕی دوو ملیۆن دۆلارەکە لە رێگەی یەکێک لە دامەزراوە خێرخوازییەکان پێشکێش بە قوربانیانی زریانەکە دەکرێت.
 
ئەو هونەرمەندە رایگەیاند: "دەزانم ئاسانە بڵێین شتەکان باشتر دەبن، لە کاتێکدا شتەکان بە راستی خراپن. تەنیا دەتوانین بڵێین ئێمە لەگەڵتانین. هیواخوازین بەم نزیکانە شتەکان باشتر ببن. هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات".
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای وۆل مارت، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ قوربانیان زریانی هیلین تەرخانکرد.
 
یەکەمجار نییە ئەو گۆرانیبێژە کانترییە ئەمریکییە بەخشینی بۆ لێقەوماوان هەبێت، لە 2020 بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشی بۆ دۆزیانەوەی ڤاکسینی کۆڤید – 19.
 
لە 2021 هاوکاری قوربانیانی لافاوی تێنیسی کرد و لە 2016 سندوقی "My People"ـی راگەیاند، بۆ هاوکاریکردنی ئەو ماڵباتانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە تێنیسی زیانیان بەرکەوت. هەروەها چەندین پڕۆژەی دیکەی خێرخوازی ئەنجامداوە.
 
دۆڵی پارتن، لە 19ـی کانوونی دووەمی 1946 لە ئەمریکا لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەرە. وەک گۆرانیبێژێکی کانتری ناسراوە و یەکەم ئەلبوومی بەناوی " Hello, I'm Dolly" لە 1967 بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە ناوبانگی بەدەستهێنا و خاوەنی سێ هەزار گۆرانییە. 
 
دوای 60 ساڵ لە گۆرانیگوتن، زیاتر لە 100 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشران و وەک ئەفسانەیەکی میوزیکی کانتری ناسێندراوە.
 
ئەو هونەرمەندە بەربژێری 50 خەڵاتی گرامی بووە و 11ـی بەدەستهێناوە. هەروەها براوەی 10 خەڵاتی کۆمەڵەی میوزیکی کانترییە، جگە لە پێنج خەڵاتی ئەکادیمیای میوزیکی کانتری، هەروەها چەندین خەڵاتی دیکە بەدەستهێناوە و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار، تۆنی و ئێمی بووە کە لە خەڵاتە هەر گرنگەکانی هونەرین.  
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە