هیشام زەمان لە دهۆکەوە نامەیەک بۆ پاشا دەنێرێت

06-09-2015
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن هیشام زەمان فێستیڤاڵی دهۆک
A+ A-

رووداو- هەولێر

دەرهێنەری بەناوبانگی کورد هیشام زەمان بە فیلمی نامەیەک بۆ پاشا بەشداری لە فێستیڤاڵی سینەمایی دهۆک دەکات.

فیلمی "نامەیەک بۆ پاشا"، یەکێکە لە بەرهەمەکانی وڵاتی نەرویج بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، کە بەشداری چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی گەورەشە.

ئەم فیلمە نەخشەی ژیانی ٥ کەسی ئاوارە دەکێشێت، کە لە کەمپێکی نەرویژدا دەژین و لە رۆژێکدا مۆڵەتی چوون بۆ ئۆسلۆی پایتەختیان پێدەدرێت.

چیرۆکی هەر ٥ کەسەکە بەستراوەتەوە بە نامەی میرزای ٨٣ ساڵ کە هەوڵ دەدات بە دەستی خۆی بیداتە دەست پاشای نەرویژ.

هیشام زەمان، خەڵکی شاری کەرکووکی باشووری کوردستانە، دەرچووی قوتابخانەی فیلمی نەرویژییە و یەکێکە لە دەرهێنەرە هەرە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە، چەندین جار فیلمەکانی کاندید و براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵە جیهانییەکان بووە، جگە لە چەندین خەڵاتی دیکەی جیهانی گەورە کە شوێن پەنجەی لە بواری سینەمای کوردی و نەرویژیدا نیشاندەدەن .

فیلمی "باوکـە" لە ساڵی ٢٠٠٥، کورتە فیلمێکی هیشام زەمانە کە زیاتر لە ٤٠ خەڵاتی جیهانی بردووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٣،زەمان بە فیلمی درێژی (پێش بەفر بارین)، دووەم فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆکی کردەوە و سێ لە خەڵاتانی ئەو فێستیڤاڵەی بە دەستهێنا، ئەم فیلمە خاوەن زۆرترین خەڵاتە لەسەر ئاستی نەرویژ بۆ ساڵی ٢٠١٣، لەو خەڵاتانەش خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی لە فێستیڤاڵی فیلمترایبێکای رۆبێرت دی نیرۆ-ی وەرگرت.

هەروەها ئەم دەرهێنەرە تاکە دەرهێنەر بووە تاوەکو ئێستا دوو ساڵ لە سەر یەکدی خەڵاتی (دراگۆن)ی فێستیڤاڵی یوتوبۆری بەدەستبهێنێت،  لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ فیلمی (پێش بەفربارین) و لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ فیلمی (نامەیەک بۆ پاشا)، کە ئەمەش بووە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان.

لەم ساڵەشدا، فیلمی ناوبراو کە بەرهەمی وڵاتی نەرویژە، بەشداری پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆکە بۆ فیلمی درێژی کوردی و کاندیدی ٦ خەڵاتە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە