قارەمانێکى کورد لە جۆرجیا

06-09-2014
ساڵحێ كەڤربڕی
A+ A-

رووداو- تبلیسى

هەر کاتێک باسى فەرهەنگ و وێژە و هونەرى کوردى دەکرێت لە جۆرجیا، بە تایبەتى رادیۆى کوردى لەو وڵاتە، نابێت ناوى کەرەمێ ئانقۆسێ لەبیر بکرێت کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى ئەو رادیۆیە. ئەو ئێستا وەکو گەنجینەیەکى زێڕ بۆ ستران و گۆرانى کوردى سەیر دەکرێت.

کەرەمێ ئانقۆسێ، ئێستا تەمەنى 75 ساڵە، نزیکەى نیوەى تەمەنى لە رادیۆى کوردى لە جۆرجیا بەسەربردووە، لە ماوەى ساڵانى 1978 – 2004 لە بەشى کوردى رادیۆى تبلیسى کارى مەزنى بۆ خزمەتى فەرهەنگ و وێژە و هونەرى کوردى کردووە. 

ئەو بەشە کە لە ساڵى 2004 بەهۆى تەنگژە سیاسییەکانى ئەو وڵاتەوە داخرا، لە ساڵى 2007 بەناوى "رادیۆى رۆنکایى" کرایەوە. ئانقۆسێ جارێکى دیکە لە رێگەى مایکى ئەو رادیۆیەوە گوتى "دەما وە خوەش گوهدارێن ئەزیز". رادیۆى کوردى لەنێو جڤاکى کوردى جۆرجیا خاوەن رێزێکى گەورەیە. لەبەر ئەمە کوردى ئەم وڵاتە رێزێکى زۆر لە کەرەمێ ئانقۆسێ دەنێن.

ئانقۆسێ لە ساڵى 1937 لە شارى تبلیسى جۆرجیا لە خێزانێکى کوردى باکوورى کوردستان لەدایکبووە. بنەماڵەکەى وەکو هەزاران بنەماڵەى دیکەى کورد، کە زۆربەیان کوردى ئێزدین، لەسەردەمى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى بە زۆر راگوێزراون بۆ وڵاتانى قەفقاسیا.

ئانقۆسێ باسى رەچەڵەکى خۆى دەکات و دەڵێت "دایک و باوکم خەڵکى گوندى سەید بەگن لە شارى وانى باکوورى کوردستان. عەشیرەتەکەمان بەناچارى وڵاتیان بەجێهێشت و هاتنە قەفقاسیا. 

ناوچەکە ئەوکات لەژێر دەستى رووسیا بوو. دواى راگەیاندنى یەکێتی سۆڤیەت، ئەوکات سنوورى نێوان سۆڤیەت و تورکیا داخرا. گەورەکانمان ئیدى نەیانتوانى بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. بەڵام غەریبى‌ گوند و شاخ و کوێستانەکانی خۆیان دەکرد و ئەو خەم و ئازارەیان لەگەڵ خۆیان بردە گۆڕ".

کەرەمێ ئانقۆسێ لەسەرەتاوە تا کۆتایى خوێندنەکەى بەسەرکەوتوویى تەواوکردووە. لەساڵى 1956 لەتبلیسی خوێندنى ناوەندی بە میدالیاى زێڕین تەواو دەکات و دەبێتە جێى سەرنجى هەموو مامۆستاکانى خۆى.

"زۆر حەزم لە خوێندن بوو. باپیرم، باوکم و ئامۆزاکانم هەموویان نەخوێندەواربوون، من بەو دەردە ‌کەوتبووم. زمانى فەرمییان نەدەزانى، نەیاندەزانى دانوستاندن لەگەڵ حکومەت بکەن. منیش گوتم دەبێت بخوێنم. با ناوى میللەتی ئێمەش بەرز بێت".

زیرەکى و لێهاتوویى کەرەمێ ئانقۆسێ، زانکۆ حکومییەکان ناچار دەکات کورسییەکى خوێندنى بدەنێ، لە زانکۆیەکى ئەو وڵاتە بەشى فیزیا تەواو دەکات، دواتر دەچێتە زانکۆیەکى دیکە و بەشى رۆژهەڵاتناسى دەخوێنێت. ئانقۆسێ لەساڵى 1963 لە تاقیگەکانى فیزیا لە جۆرجیا دەست بەکارکردن دەکات.

ئەو دەڵێت "دەمویست وەکو فیزیاییەک لەسەر کارەکەم بەردەوام بم. ئەوکات بیرم هەر لەلاى زانستى فەلەکى و گەردوونناسى بوو. دواى ئەوەى بۆ ماوەى ساڵێک لەوێ مامەوە، ویستم بچم بۆ مۆسکۆ لەزانکۆى لۆمۆنۆسۆڤ بخوێنم. لەوێ وەرگیرام".

لە دین وەردەگەڕێت

رەنجەکەى کەرەمێ ئانقۆسێ بۆ چوونى بۆ ئەم زانکۆیە بەبا دەچێت. ئەو دەڵێت "بە باوکم گوت کە خەرجى رێگام بداتێ، گوتم دەچم بۆ مۆسکۆ دەخوێنم. ئەوان شوێنى خەوتنیشم دەدەنێ، مانگانەش مووچەیەکم پێدەدەن".

درێژەى دەداتێ و دەڵێت "ئاینى ئێمە ئاینى ئێزدیاتى بوو، باوکم لەڕووى ئاینەوە زۆر توند بوو. ترس و دلۆڤانى شێخ و پیرەکان لەلاى ئەو زۆر بەهێز بوو. بانگى شێخ و پیرەکانى خانەوادەکەمانى کرد. باوکم گوتى: ئێوە چى دەڵێن؟ کەرەم حەز دەکات بچێتە مۆسکۆ بخوێنێت. ئەوانیش  گوتیان: نا موریدە زاهیر، نابێت! خوێندن بۆ ئێمەى ئێزدى گوناحە. مەهێڵە! کەرەم دەچێت لەوێ دەبێتە رووس و لە دین وەردەگەڕێت، بۆیە باوکم نەیهێشت بچم".


دەستى لە هەموو شتێکدا هەیە

لە جۆرجیا هیچ سازیەک و دامەزراوەیەکی کوردى نییە کە کەرەمێ ئانقۆسێ کاری تێدا نەکردبێت! لە یەکێتى مامۆستایانى کوردەوە تاوەکو یەکێتى پەڕلەمانتارانى کوردى جۆرجیا و یەکێتى ئێزدییەکانى جۆرجیا، زۆر چالاکانە کاری کردووە.

پاشان ناوەندى ئاینى ئێزدییەکانى دروستکردوووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانى یەکێتى روناکبیرانی کورد لە جۆرجیا. ئانقۆسێ کە لەساڵى 1979 دەبێتە ئەندامى پارتى کۆمۆنیستى جۆرجیا، تاوەکو ساڵى 1991 لەنێو رێزەکانى ئەو پارتە کاردەکات.

کەرەمێ ئانقۆسێ لەساڵى 1999 لەتبلیسی بەناوى "گەلاوێژ" یەکەمین رۆژنامەى کوردى لەجۆرجیا دەردەکات. زۆر گەنجى کورد لە جۆرجیا لەسەر دەستى ئەو فێرى خوێندن و نووسینى کوردى بوون.

ئاوازدانەرى گۆرانى "لێخن برانۆ لێخن"

ئانقۆسێ نەک تەنیا رۆژنامەنووس و نووسەرێکى کوردە. ئەو هەروەها ئاوازدانەر و گۆرانیبێژێکى بەتواناشە. لەساڵى 1975 گرووپێکى (رۆک)ى کوردى دادەنێت. ئاوازدانەرى کورد (قادر دیلان) ئەوکات لە پراگ دەژیا، ئاگاى لەو مەسەلەیە دەبێت و پەیوەندى بەئانقۆسێوە دەکات. بەمشێوەیە بەسەرهاتى دروستبوونى (رۆکى کوردى) گرووپى دیلان و گرووپى وەتەن دەگێڕێتەوە.

"لەبەر خاترى ناوى ئاوازدانەرى گەورەى کورد قادر دیلان، ناوى گرووپەکەمان کردە (دیلان). دواى دوو ساڵ کێشە کەوتە نێوان ئەندامانى گرووپ و گرووپەکە پەرتوبڵاو بوو. دواتر کەرەمى گەردەنزەر لەنێو ماڵى خۆی، چەند برادەرێکى کۆکردەوە و گرووپێکى رۆکى دروست کرد، لەسەر شێوازى گرووپى دیلان، ناوى ئەو گرووپەى کردە گرووپى وەتەن".

ئەو خاوەنى کۆمەڵێک هۆنراوەیە کە دواتر بوون بە گۆرانى و لەسەرتاسەرى دونیادا لەنێو کورددا دەنگیانداوەتەوە. گۆرانى "لێخن برانۆ لێخن" یەکێک لەو بەرهەمە ناوازانەیە کە تاوەکو ئێستاش زۆربەى کورد نازانن ئەو گۆرانیە ئاواز و هۆنراوەکەى لەلایەن کەرەمێ ئانقۆسێ دانراوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە