'Deadpool & Wolverine' پڕداهاتترین فیلمە بۆ بینەرانی سەرووی 17 ساڵ


رووداو دیجیتاڵ

دوای 10 رۆژ پێشاندانی فیلمی "Deadpool & Wolverine" لە سینەماکانی ئەمریکای باکووردا، وەک پڕداهاتترین فیلمی پۆلی "ئاڕ" دەستنیشانکراوە و داهاتی ئەم هەفتەیەی 97 ملیۆن دۆلارە.
 
کۆی داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە ماوەی 10 رۆژدا لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 395 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە، بەمەش بووە خاوەن زۆرترین داهات بۆ ئەو فیلمانەی تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵیدایە و پێش فیلمی "The Passion of the Christ" کەوت کە بە کۆکردنەوەی 370 ملیۆن دۆلار لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 20 ساڵ بوو خاوەنی ئەو نازناوە بوو.
 
کۆی گشتیی داهاتی ئەم بەرهەمە نوێیە لە سینەماکانی جیهاندا 821 ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە، بەمەش داهاتی پێش بەشی یەکەمی "Deadpool" کەوت کە لە 2016 بڵاوکرایەوە و کۆی گشتی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 782 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە، بەهەمان شێوە بۆ بەشی دووەمی کە لە 2018 بڵاوکرایەوە و داهاتی 734 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
 
بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Deadpool" بەناوی "Deadpool & Wolverine"، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، توانی 205 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، بەمەش توانی ژمارەی پێوانەیی بەشی یەکەمی بکشێنێت لە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات بۆ فیلمێک لە پۆلی "ئاڕ".
 

پێشتر فیلمی "Deadpool" توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی 132 ملیۆن دۆلار لە پۆلی فیلمەکانی "ئاڕ" بەدەستبێنێت، بەشی نوێی بەهۆی ئەو داهاتە زۆرەوە، ناوی چووەتە نێو لیستی 10 لەو فیلمانەی زۆرترین داهاتیان لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە.
 
"ئاڕ" ریزبەندییەکە بۆ فیلم و دیاریکردنی تەمەنی بینەر، لە ئەمریکا ئەو بینەرانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵیدایە، پێویستە ئەو بینەرە دایک و باوکی یاخود بەخێوکەری لەگەڵیدا بێت بۆ بینینی ئەو جۆرە فیلمە، لە بەریتانیا بۆ ئەو بینەرانەیە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر نییە، لە خوار ئەو تەمەنەدا ئەگەر دایک و باوکیشیان لەگەڵ بێت، رێگەیان پێنادرێت فیلمەکە لە سینەما ببینن.
 
بەم دواییە لە نیویۆرکی ئەمریکا، پێشاندانی تایبەتی فیلمی "Deadpool & Wolverine" بەڕێوەچوو. لەم بەرهەمەدا رایان رێنۆڵدز و هیو جاکمەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 

ئەوانەی لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوون، بۆچوونی باشیان لەبارەی فیلمەکە هەبووە، بەمەش پێشبینی کرا پێشوازییەکی بەرچاوی لێبکرێت و داهاتی زۆر بەدەستبێنێت.
 
"Deadpool & Wolverine" دەبێتە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی "Deadpool" و بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، هەربۆیە بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی دیکەی درا، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 782 ملیۆن و 836 هەزار دۆلار و بودجەی بەرهەمهێنانی 58 ملیۆن دۆلار بوو.
 

داهاتی بەشی دووەمی "Deadpool" لە سینەماکانی جیهاندا 785 ملیۆن و 896 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 110 ملیۆن دۆلارە، واتە حەوت هێندەی بودجەکەی داهاتی بەدەستهێناوە.
 
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە، باس لە کارکتەری دیدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە، جگە ئاکشن، کۆمێدیایەکی جیاوازیش لەخۆدەگرێت.
 
رایان رێنۆڵدز، ئەکتەر و بەرھەمھێنەری فیلم، لە 1991ـەوە وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، لە رێگەی هەردوو بەشی زنجیرە فیلمی "Deadpool" ناوبانگی پەیداکردووە و بە فیلمە سەرکەوتووەکانی لە رووی داهاتەوە دەناسرێت.
 

هیو جاکمەن، لەبارەی رۆڵی لەم بەرهەمەدا پێشتر رایگەیاندبوو، کارەکتەری وۆلڤرین ئەمجارە توڕەیی زیاتری پێوە دیار دەبێت و ململانێی لەگەڵ دێدپۆڵ دەبێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دێدپۆڵ و وۆلڤرین دوو کارەکتەری تەواو لە یەکدی جیاوازن و رقیان لە یەکدی دەبێتەوە. گوتیشی: "دێدپۆڵ زۆر بە خێرایی قسە دەکات، بە رادەیەک زۆر حەز دەکەم مشتێکی لێ بدەم، پێموایە لە فیلمەکەدا زیاتر لە جارێک مشتی لێدەدەم".
 
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە و ئەو ئەکتەرە لەگەڵ کارەکتەری دێدپۆڵ بە یەک دەگەن.
 

لە ریزبەندی دووەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا، فیلمی "Twisters" بەرهەمی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرز، لە ریزبەندی دووەمدا هات و لە سێیەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکاندا، 22 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بەدەستهێنا. بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە لە 1996 بڵاوکرایەوە و داهاتی 195 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە لە سینەماکانی ئەمریکای باکووردا.
 

لەم هەفتەیەدا فیلمێکی نوێ هاتە نێو پێشبڕکێیەوە، ئەویش فیلمی "Trap" بوو، داهاتی یەکەم هەفتەی لە سێ هەزار و 181 سینەمادا 15 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بوو. 
 

تەمموزی رابردوو مانگێکی درەوشاوە بوو بۆ هۆلیوود، تێیدا داهاتی فیلمەکان لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند، یەکەم مانگە لە دوای تەمموزی 2023 فیلمەکان ئەو داهاتە زۆرەیان لە یەک مانگدا هەبێت، لەو مانگەدا هەردوو فیلمی بەهێزی "Barbie" و "Oppenheimer" بڵاوکرانەوە و داهاتیان یەک ملیار دۆلاریان تێپەڕاند.
 

لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکەدا فیلمی "Despicable Me 4" بە کۆکردنەوەی 11 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار دێت و ئەنیمەیشنی بە کۆکردنەوەی شەش ملیۆن و 700 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی پێنجەمدا دێت.
 

هەفتانە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکوور بڵاودەکرێتەوە و داهاتی فیلمەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکرێت، لیستەکە داهاتی فیلمەکان لە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا لەخۆدەگرێت کە بە گەورەترین بازاڕی سینەما لە جیهاندا دەناسرێت.
 

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 2020 و بەهێزبوونی پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم لە جیهاندا، زیانێکی زۆر بە سینەماکان کەوت، بەتایبەتیش لە ئەمریکا، دوای کۆرۆناش، بازاڕی سینەماکان وەک سەردەمی زێڕینی نەگەڕایەوە، بەڵام فیلمی بەهێزی وەک "Deadpool & Wolverine"، "Barbie" و "Oppenheimer" و چەند فیلمێکی دیکە، توانیان بازاڕی سینەماکان گەرم و گوڕ بکەنەوە.
 

بەشێک لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم، لەوانە نێتفلێکس، دیزنی پڵەس، ئێج بی ئۆ، ئامەزۆن پرایم و ئەپڵ تیڤی پڵەس، فیلمی تایبەت بە بەکارهێنەرانیان بەرهەمدێنن و لە سینەماکاندا پێشانی نادەن، ئەمەش زیانێکی دیکەی بە سینەماکان گەیاندووە.