دوای سێ هەفتە دواخستن ئیمارات رێگەی بە پێشاندانی 'Barbie' دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی رەزامەندی لەسەر بڵاوکردنەوەی فیلمی 'Barbie' داوە، ئەمەش دوای سێ هەفتە دواکەوتن بەهۆی ئەگەری بوونی کێشە لە ناوەڕۆکیدا.
بەرپرسانی ئیمارات روونکردنەوەیان لەبارەی دواکەوتنی لێکۆڵینەوە لەبارەی فیلمەکە نەداوە و ئەمە لە وڵاتانی دیکەی عەرەبیش روویداوە و بڕیارە لە 10ـی ئابی 2023 لە سینەماکانی ئیمارات بڵاوبکرێتەوە.
ئەنجوومەنی راگەیاندنی ئیمارات رایگەیاند، ئەوان رەزامەندییان داوە فیلمەکە لە سینەماکانی ئیمارات پێشانبدرێت، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان، بەتایبەتیش هەڵسەنگاندنی لە رووی ناوەڕۆکەوە.
یەکێک لە کارەکتەرەکانی نێو فیلمەکە رەگەزی گۆڕیوە، ئەمە و مژاری هاورەگەزخوازی بووەتە هۆکار کە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە دوابخەن.
فیلمەکە باس لە بووکەشووشە بەناوبانگەکەی جیهان دەکات کە مارگۆت رۆبی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، ئیمارات و وڵاتانی دیکەی عەرەبی سەرەتا بڵاوکردنەوەی فیلمی 'Spider-Man: Across the Spider-Verse'یان دواخست، دواتر رێگەیان بە بڵاوکردنەوەی نەدا، ئەمەش بەهۆی بوونی ئاماژەیەکی رەگەزخوازنە تێیدا.