رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژووی سۆراندا کە ئێستا ئیدارەکی سەربەخۆیە، هۆڵێکی سینەما دەکرێتەوە و جگە لە پێشاندانی فیلمی کوردی و جیهانی، دەرفەت بۆ فیلمسازانی ناوچەکە دەڕەخسێت بۆ پێشاندانی بەرهەمەکانیان و گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە.
رێکان وەلید، بەڕێوەبەری خانەی فەرهەنگی شین، بە رووداوی راگەیاند، 'شین سینەما' پڕۆژەیەكی نوێی خانەی فەرھەنگیی 'شینە كە لە ھۆڵێكی سینەما پێكھاتووە و جێگەی 36 کەسی تێدا دەبێتەوە و پلانیان هەیە ژێرنووسی کوردی بۆ فیلمە بیانییەکان بکەن و لە سینەماکەدا پێشانیان بدەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامانجی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە، كەشێك بۆ ھەوادارانی سینەما دروستبكات و خوێندنەوە و گفتوگۆ كردن لەبارەی بەشێک لە فیلمەکان بکات، گوتیشی "گرینگی سینەما بۆ شارێكی وەك سۆران، یەكێكە لە پێویستییەکانی و ھەنگاوێكی نوێیە بۆ دەڤەرەكە".
روونیشیکردەوە، پڕۆژەی شین سینەما بە سپۆنسەری كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم ئەنجامدراوە كە وەك پاڵپشتی بۆ گەنجانی ئەم دەڤەرە پێشكێشكراوە و دەرفەت بە فیلمسازانی ئیدارەکە دەدرێت بۆ پێشاندانی بەرهەمەکانیان و گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە.
کاژێر 5:30ـی ئێوارەی سبەی یەکشەممە 7-8-2022، رێوڕەسمی کردنەوەی سینەماکە لە سۆران بەڕێوەدەچێت و حسێن حەسەن، دەرهێنەر و ئەکتەری کورد ئامادە دەبێت و بابەتێک لەبارەی گرنگی سینەما و گرنگیدان بە سینەما لە سۆران پێشکێش دەکات.
ستافی شین، وەک خانەیەكی رۆشنبیری، ئەدەبی و ھونەری قازانج نەویستی سەربەخۆ خۆیان دەناسێنن کە كار بۆ پەرەدان بە توانا جیاوازەكان دەكات و لە کتێبخانە، قاوەخانە، یانەی شەتڕەنج و سینەما پێک دێت و لە 1-12-2019 دامەزراوە.
قەزای سۆران، لە 14-9-2021 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ راگەیێندرا و هەرسێ ناحیەی دیانا، خەلیفان و سیدەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها 36 گەڕەک و 364 گوندی هەیە.
سۆران 115 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر دوورە، لە 1980 حکومەتی ئەوکاتی عێراق، قەزای رواندزی ھەڵوەشاندەوە و سۆرانی وەک قەزا بە ناوی قەزای سەدیق ناساند، دواتریش ناوی بۆ قەزای سۆران گۆڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ