چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک بەناوی فەلەکەدین کاکەیی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک بەناوی فەلەکەدین کاکەیی، سیاسەتمەدار و رۆشنبیری کورد دەکرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵەکەیە.
 
شکۆ عومەر، سەرۆکی فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک، میوانی بەرنامەی نووڕۆژی رووداو بوو و باسی لە هۆکاری بەناوکردنی خولەی ئەمساڵی فێستیڤاڵ بەناوی فەلەکەدین کاکەیی کرد و گوتی، ناوێکی درەوشاوە و گەشاوەی نێو دنیای ئەدەبیات و رۆشنبیری کوردییە. هەروەها کەرکووکییەکی دڵسۆز شارەکەی بووە لە سەردەمی خەباتی سیاسی، هەروەها کاتێک وەزیری رۆشنبیری و لاوان بووە گرنگی بە چالاکی رۆشنبیری و هونەری لە کەرکووک داوە، لەوە گرنگتر کاکەیی و یارسانێکی دڵسۆز بووە بۆ خۆی و دەورووبەرەکەی.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵ لە 2019 لە کەرکووک بەڕێوەچوو، چوارەمین خولی لە 4ـی ئەیلوولی 2024 لەلایەن دەزگای فەلەک بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان و رێکخراوی کاتی هونەر سازدەکرێت و چوار رۆژ بەردوام دەبێت. سێ خولی رابردووی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازکراوە.
 
شکۆ عومەر، لەبارەی پاڵپشتی دارایی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ گوتی، بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە نەیتوانی پاڵپشتی دارایی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن، ئەمساڵ لەلایەن کەرتی تایبەت پاڵپشتی داراییان بەدەستهێناوە.
 
روونیشیکردەوە، فێستیڤاڵێکی گشتگیری کوردییە لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان، لەوە گرنگتر رەهەند و ستراتیژیەتێکی قوڵی لە رووی نەتەوەییەوە هەیە کە لە شاری کەرکووکە و لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و بە فۆڕم و شوناسی کوردییەوە سازدەکرێت.
 
فیستیڤاڵەکە لە یەکەم خولییەوە گرنگی بە بەشداری شانۆڤانانی کوردی داوە، شکۆ عومەر لەمبارەیەوە گوتی، لە خولی ئەمساڵدا بەرهەمە شانۆییەکان، دەستەی هەڵبژاردنی بەرهەمە شانۆییەکان و میوانانی فێستیڤاڵ، لە چوار پارچەی کوردستانن، لە خولەکانی رابردووشدا هەروا بووە. ئەمساڵ پلانیان هەیە شانۆڤانانی کورد لە تاراوگە بۆ فێستیڤاڵ بانگهێش بکەن، چ بە بەرهەمی شانۆیی بەشدار بن یاخود وەک میوان ئامادەبن. گوتیشی، لە پەیوەندیدان لەگەڵ شانۆڤانانی کورد لە رووسیا و ئەرمینیا بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربن. هەروەها ساڵانە بەرهەمێکی شانۆیی لە بەغداوە وەک میوان بەشدار دەبێت.
 
لەبارەی بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، ئاشکرای کرد، لە فێستیڤاڵەکەدا کێبڕکێ هەیە و ئەمساڵ پێشبڕکێیەکە شانۆنامەش لەخۆدەگرێت، هەروەها زیاتر گرنگی بە توێژینەوە شانۆییەکان دەدەن و لە چوار پانێڵدا پێشکێشی دەکەن.
 
لە ئەمڕۆوە لە دوای راگەیاندنی خولی چوارەمی فێستیڤاڵ، هەموو شانۆڤانان دەتوانن بەرهەمە شانۆییەکان بۆ فێستیڤاڵ بنێرن، کۆی گشتی هەشت بەرهەمی شانۆیی نێو هۆڵ و چوار بەرهەمی شانۆیی لە پانتایی کراوە تاوەکو 15ـی ئابی 2024 وەردەگرن، بەڵام ژمارەکە بۆ شانۆنامەکان کراوەیە.