بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام حوسێن' لە هەولێر پێشاندەدرێت

06-07-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، لە دوای بەشداربوونی لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا، بڕیارە لە هەولێر پێشانبدرێت و لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم عەمانە بەشدارە و دوو پێشاندانی بۆ دەکرێت.  
 
پێشاندانی فیلمەکە لە 18ـی تەمموزی 2024 لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر دەستپێدەکات و پێشتر پێشاندانی تایبەتی بۆ دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێریش رەزامەندی لەسەر پێشاندانی داوە.
 
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکەی لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی عەمان لە ئوردن بەشدارە و دوو پێشاندانی تایبەتی لە 6 و 8ـی ئەم مانگە بۆ دەکرێت.
 
لە هەمانکاتتد "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە سینەمای 14 وڵاتی عەرەبی پێشاندەدرێت، بەڵام هەردوو وڵاتی تونس و مەغریب، پێشاندانی فیلمەکەیان بۆ جەژنی قوربان پێشخست.
 
ئیمارات لە دوای هەڵسەنگدانی فیلمەکە، بڕیاری پێشاندانی داوە، پێشنیازی ئەوەی کردووە، ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵە بیبینن، بەڵام دیارکردنی ئەو تەمەنەی نەکردووەتە مەرج و وەک پێشنیاز بۆ بینەری هێشتووەتەوە، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵ بەسەرەوەیە دەتوانن بینەری فیلمەکە بن.
 
تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا نەدراوە و دەرهێنەری فیلم چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراقە.
 
لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو، د. فازڵ بەدرانی، بریکاری وەزیری رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراق، لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاندبوو: "ئێمە دەستمان کراوەیە. سەبارەت بە خودی خۆمەوە، لەبەرامبەر تۆ و جەماوەریشەوە دەیڵێم، رۆژی یەکشەممە لە نووسینگەی تایبەتی خۆم لە بەغدا، پێشوازی لێدەکەم، نامەوێت بەرگری لە بەڕێز وەزیری رۆشنبیری بکەم، بەڵام نووسینگەی بەڕێزیان بەردەوام بۆ هونەرمەند، هونەردۆستان، رووناکبیران، رۆشنبیران، نووسەران و ئەکادیمییەکان کراوەیە و قەرەباڵخە".
 
"شاردنەوەی سەدام حوسێن" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهاتووە.
 
یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی فیلمەکە لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە