یەکەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلم و بەڵگەفیلمی زرێبار بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و ئێرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان، رایگەیاند: لە یەکەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلم و بەڵگەفیلمی زرێباری'، لە شاری مەریوان، 77 بەڵگەفیلم و کورتەفیلم لە دەرەوە هۆڵی سینەما نمایش دەکرێن.
 
عەلی ئەسغەر دەریایی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و ئێرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان، رۆژی چوارشەممە 5ـ7-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە یەکەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلم و بەڵگەفیلمی زرێباردا لە شاری مەریوان، 77 فیلم لە بەشی خەیاڵدا هەن، 38 فیلمی بەڵگەفیلن و چوار فیلمی میوان لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارن، چالاکییەکانی لە 10 تا 12 تەممووز بەردەوام دەبێ و لە پارکی شانۆی شار نمایش دەکرێن. 
 
دەریایی، ئەوەشی خستەڕوو، یەکەم فێستیڤاڵی کورتەفیلم و بەڵگەفیلمی زرێبار لەسەر ئاستی نیشتمانی و پارێزگاکانی سەرتاسەری وڵاتەوە و بەئامادەبوونی دەرهێنەرەکانیان نمایش دەکرێن.
 
روونیشیکردەوە، پێشاندانی فیلمەکان بە سیستەمی پەخشی کراوە دەبێت، بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بتوانن فیلمەکان ببینن، گوتیشی، یەکێک لە بوارە کاریگەرەکانی کەمکردنەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکان و هوشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی هاووڵاتیان بواری فیلمە بەتایبەتیش کورتەفیلم.
 
لەبارەی ئەو فیلمانەی لە باشووری کوردستانەوە لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارن، رووداو پەیوەندی بە وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام لە بەشداربوونی هیچ فیلمێک لە هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەبوون.
 
رێورەسمی کۆتایی فێستیڤاڵەکە کاژێر 10:30ـی بەیانی رۆژی چوارشەممە 11-7-2023 بەڕێوەدەچێت.