چالاکییەکانی گرووپی نانۆبیت لە نیوەی یەکەمی 2024ـدا

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی میوزیکی نانۆبیت، تاوەکو نیوەی یەکەمی 2024 چەند چالاکییەکی ئەنجامداوە، لەوانەش تۆمارکردنی چەند گۆرانییەک و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپی "حەز"ـە.
 
هێمن دەریا، سەرۆکی گرووپی نانوبیت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ، چەند گۆرانییەکی نوێیان تۆمارکردووە، ڤیدیۆکلیپێکی نوێشیان بەناوی "حەز" بڵاوکردەوە. هەروەها بەرهەمێکی تایبەت بە نەورۆزیان بە شێوەزاری کرمانجی سەروو بەرهەمهێنا.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەروەها کۆنسێرتێکیان بۆ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شاری کۆڵن سازکرد و وۆرکشۆپێکیان بۆ کوردانی ئێزدی سازکردووە.
 
روونیشیکردەوە، گرووپەکەیان لەلایەن دوو هەرێمی زارلاند و راینلاند فاڵز، لە ئەڵمانیا بۆ ئەنجامدانی چەند وۆرکشۆپ و کۆنسێرت بۆ مامۆستایانی زانکۆی هەردوو هەرێم هەڵبژێردرا، تێیدا باس ئاوێتەکردنی سەردەمیانەی میوزیکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کرا.
 
گرووپی میوزیکی نانۆبیت کار بۆ ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی و میوزیکی کلاسیکی رۆژهەڵاتی لەگەڵ میوزیکی رۆک و پۆپی رۆژئاوایی دەکات.