بەرهەمی نوێی مستەر بین جەنگێکی بەردەوامە لەگەڵ هەنگ

06-06-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن مستەر بین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'Man vs. Bee' نوێترین بەرهەمی تەلەڤزیۆنی رۆون ئاتکنسن، ئەکتەری کۆمێدی بەریتانییە کە بە کارکتەری مستەر بین ناوبانگی پەیدا کردووە، لەم بەرهەمەدا بە هۆی هەنگێکەوە ژیانی دەشێوێت.
 
ئەم بەرهەمە کۆمێدی خێزانییە، لەلایەن رۆون ئاتکنسن و ویلیام دەیڤزەوە نووسراوە و جگە ئاتکنسن، هەریەک لە جینگ لوسی، کلۆدی بلاکلی و تۆم باسدن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە بەریتانییە لە 24-6-2022 لە تۆڕی نێتفلێکس، بۆ بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە بڵاودەکرێتەوە و لە 10 ئەڵقە پێکهاتووە.
 
چیرۆکی زنجیرەکە باس لە پیاوێک بە ناوی ترێڤەر دەکات، بەهۆی هەنگێکەوە تەواوی ژیانی دەشێوێت و بەردەوام لە جەنگ و ململانێدایە لەگەڵیدا.
 
رۆون ئاتکنسن، لە 6-1-1955 لە بەریتانیا لە دایکبووە، ئەکتەر و نووسەرە و لە رێگەی زنجیرەی گاڵتەجاری 'Blackadder' ناوبانگی پەیداکرد کە لە (1983-1989) پێشکێشکرا، بەڵام زنجیرەی 'Mr. Bean' لە (1990-1995) ناوبانگی جیهانیی پێبەخشی.
 
ئەو ئەکتەرە لە چەندین فیلم و زنجیرەدا رۆڵی گێڕاوە، دواتر رووی لە شانۆ کردووە و لە چەند بەرهەمێکدا بەشداربووە، لە 2007 وەک یەکێک لە ئەکتەرە خۆشەویستەکان لە کۆمێدیای بەریتانی ناسێندرا، لە 2005 وەک یەکێک لە 50 هونەرمەندە کۆمێدییەکان لە جیهاندا ناسێندرا.
 
ئاتکنسن، جگە لە خەڵاتی بافتا، براوەی چەندین خەڵاتی دیکەیە لە بواری سینەما، تەلەڤزیۆن و شانۆ، لەوانە خەڵاتی ئۆلیڤییە.
 
بەهۆی ناوبانگی کارەکتەری مستەر بین کە ئەو ئەکتەرە لە کورتەفیلمی تەلەڤزیۆنیدا گێڕاویەتی، دواتر لە فیلمی سینەمایی و بەرهەمی ئەنیمەیشنیشدا بەکارهاتووە.
 
لە 2014، زنجیرەیەک لەبارەی کارەکتەری مستەر بین بەرهەمهات و تاوەکو 2019 بەردەوام بوو و لە پێنج وەرز پێکهاتووە و 104 ئەڵقە لەخۆدەگرێت.
 
ئەو ئەکتەرە لە 1983 لە زنجیرە فیلمی سینەمایی جەیمس بۆند بەناوی 'Never Say Never Again' بەشداربووە، لە 1988 لە کورتەفیلمی 'The Appointments of Dennis Jennings' بەشداربوو کە براوەی خەڵاتی ئۆسکارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە