بەرهەمهێنانی 'Joker 2' دەچێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەند دەمێکە بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی فیلمی سینەمایی 'Joker' درابوو، بەڵام ئێستا بڕیاردرا بەرهەمهێنانی بچێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
وۆرنەر برۆس، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمەکە، گڵۆپی سەوزی بۆ تۆد فێلێپس، دەرهێنەری فیلمەکە هەڵکردووە بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە بکات.
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی 'Joker'، لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی دێت کە داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 74 ملیۆن دۆلار بوو، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی 55 ملیۆن دۆلار بوو و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە.
بڕیارە لە بەشی دووەمدا، خواکین فینیکس بەهەمان شێوەی بەشی یەکەم، رۆڵی جۆکەر بگێڕێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە جۆری فیلمی دەروونیی ھەستبزوێنە، لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی تۆد فیلیپسە و لەگەڵ سکۆت سیلڤەریشدا سیناریۆکەی نووسیوە.
فیلمەکە لەبارەی جۆکەرە و چیرۆکی بنەچەیی کارەکتەرەکە دەخرێتەڕوو و رووداوەکانی لە 1981 روودەدەن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 76مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز لە 31-8-2019 پێشاندرا و خەڵاتی شێری زێڕینی بەدەستهێنا و لە 4-10-2019 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا.
'Joker'، لە 92مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بۆ 11 خەڵات بەربژێر بوو و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بەدەستبێنێت.