رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە 25ی ئەم مانگە، ئەلیسا، هونەرمەندی لوبنانی ئاهەنگێک لە هەولێر سازبکات و نرخی بلیتیش لە 200 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 400 دۆلاری ئەمریکی.
حەسەن تورکمانی، خاوەنی کۆمپانیای HY کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای Wedo سەرپەرشتیاری کارەکە دەکەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاهەنگەکە لە هۆڵی گالاکسی لە عەینکاوە دەبێت، 600 بۆ 650 کەس بەشداردەبن و تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 بلیتمان فرۆشتووە".
لەبارەی نرخی بلیتەکانەوە، حەسەن تورکمانی گوتی، "نرخ لەنێوان 200 دۆلار بۆ 400 دۆلارە و لەوە زیاتر نییە. هەندێک پەیج و شوێن وایان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە نرخەکە زیاترە، بەڵام ئەو هەواڵانە راست نیین. ئێمە لەگەڵ ئەو پارەیە ژەمە خواردنیش پێشکێش دەکەین".
ئەلیسا یەکێکە لە گۆرانیبێژە دیارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لوبنان و ئەم ئاهەنگەی دەبێتە یەکەمین ئاهەنگی کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سازی بکات.
رۆژی 1ی ئەم مانگە، ئەلیسا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەو پۆستەی کردبوو کە لە هەولێر ئاهەنگی هەیە و نووسیویەتی، "پەلەمە بۆئەوەی لە هەولێر بتانبینمەوە".
حەسەن تورکمانی گوتیشی، "زۆرینەی میوانەکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ هەولێر و ئاهەنگەکە دێن، لەوانەش لە بەسرە و بەغدا. بەڵام لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی عێراقیشەوە ژمارەیەک خێزان بەشداردەبن".
حەسەن تورکمانی باسی لەوەشکرد، ئەلیسا تەنیا یەک ئاهەنگ سازدەکات، ئەویش لە عەینکاوە دەبێت و دوای ئەوە لە هیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق ئاهەنگی نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ