ژیار هۆمەر چیرۆکەکانی کارلۆس رویز زافۆن لە شاری هەڵم-دا دەنووسێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نووسەر و وەرگێڕی گەنج، ژیار هۆمەر چیرۆکەکانی نووسەری ئیسپانی کارلۆس رویز زافۆن، لە توێی کتێبێکدا بەناوی (شاری هەڵم) بە کوردی دەنووسێتەوە.
 
ژیار هۆمەر بە رووداوی گوت، "کتێبەکە لە 11 چیرۆک پێکهاتووە و زافۆن لە ساتی کارکردن لەسەر چوارینەڕۆمانی (گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان) نووسیونی و لە ساڵی 2020ـدا دوای کۆچی دوایی نووسەرەکە، چاپ و بڵاوکراونەتەوە."
 
وەشانخانەی پەیک مافی وەرگێڕانی (شاری هەڵم)ـی بۆ سەر زمانی کوردی لە ناوەندی خاوەن مافی ئەنتۆنیان کێریگان لە شاری بارسێلۆنا وەرگرتووە و ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی. ئەو وەشانخانە لەبارەی نێوەڕۆکی کتێبەکەوە نووسیویەتی، "کوڕیژگەیەک بۆی دەردەکەوێت چیرۆکەکانی سەرنجی دڵبەرە دەوڵەمەندەکەی راکێشاوە و بڕیار دەدات ببێت بە نووسەر. تەلارسازێک بە نەخشەیەکی تۆکمەی کتێبخانەوە لە قوستەنتنیە هەڵدێت. جوامێرێکی نەناسراو میگێل دی سێرڤانتێس هەڵدەفریوێنێت تاوەکو کتێبێکی بێوێنە و سەمەرە بنووسێت. ئەنتۆنی گاودی گەشتێکی پڕ نهێنی بەرەو نیویۆرک دەکات. چێژ لە رووناکی و هەڵمیش وەردەگرێت، دەهزرێت دەبێت هەموو شارێک بەم کەرەستانە دروست بکرێت. زایەڵەی کەسایەتییەکانی چوارینەی (گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان) لە چیرۆکەکانی زافۆندا دەبیسترێتەوە."
 
کارلۆس رویز زافۆن، نووسەرێکی نێوداری جیهانییە و دوای سێرڤانتێس، پڕ خوێنەرترین نووسەری ئیسپانیایە. بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە 50 زمان وەرگێڕدراون و دەیان خەڵاتیان بردووەتەوە. زافۆن لە ساڵی 1964 لە بارسێلۆنا لەدایکبووە، لە ساڵی 1994 چووەتە ئەمریکا و لە لۆس ئەنجلس ژیاوە. بەرهەمەکانی بریتین لە: سێینەی تەم؛ شازادەی تەم(1993)، کۆشکی نیوەشەو (1994)، رووناکییەکانی سێپتەمبەر(1995)، مارینا(1999). چوارینەی گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان' سێبەری با(2001)، گەمەی فریشتەکە(2008)، زیندانییەکەی ئاسمان(2011) و پێچەڵانی خێوەکان(2016). کارلۆس رویز زافۆن، ساڵی 2020 لە ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە.
 
ژیار هۆمەر، وەرگێڕ و نووسەر، ساڵی 1996 لە سلێمانی لەدایکبووە، زمانەکانی ئیسپانی، ئینگلیزی، پۆرتوگالی، عەرەبی و فارسی دەزانێت. بەرهەمی زیاتر لە 100 نووسەری کوردی لە 30 وڵاتی جیهاندا بڵاوکردووەتەوە، نووسیاری گۆڤاری ئیلیان و وەشانخانەی باڵندەیە. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵە لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی و پێنی کورد لە ئەڵمانیا. کتێبی خوان کارلۆس ئۆنێتی، کارلۆس رویز زافۆن، شێرزاد حەسەن و فەرهاد پیرباڵی وەرگێڕاوە.