ئەنجلینا جولی تۆمەتی دەستدرێژی جەستەیی دەخاتە پاڵ براد پیت

رووداو دیجیتاڵ

تیمی پارێزەرانی ئەنجلینا جولی، ئەکتەری ئەمریکی، بەڵگەی نوێیان دژی براد پیت، ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی ئەو ئەکتەرەیان بەکارهێنا و تۆمەتی دەستدرێژی جەستەیی خراوەتە پاڵ.
 
پارێزەرانی جولی، لە دادگەی باڵای لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، پیت، دەستدرێژی جەستەیی بەرامبەر بە جولی بەکارهێناوە، بەر لە کێشەی نێوانیان لە 14ـی ئەیلوولی 2016 لە شاری نیسی فەرەنسا.
 
پارێزەرانی جولی، ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، پیت لە کاتی گەشتکردنیان بە فرۆکە لە فەرەنساوە بۆ لۆس ئەنجلس، دەستدرێژی کردووەتە سەر جولی و منداڵەکانیان، بەر لەوەش هەمان کاری تەنیا بەرامبەر بە جولی کردووە.
 
هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، پێت چەند ساڵێک پەیوەندیی جێگیری لەگەڵ منداڵەکانیدا نەبووە و منداڵەکانی بەشێوەیەکی تەواو پەیوەندییان لەگەڵیدا دروست نەکردووە.
 
براد پیت و ئەنجلینا جولی لە 2005 لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی "Mr. & Mrs. Smith" رۆڵی سەرەکیان گێڕا و دەستپێکی پەیوەندی خۆشەویستییان لە رێگەی ئەو فیلمەوە دروستبوو، دوای نۆ ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی، لە 2014 لە فەرەنسا ژیانی هاوژینییان پێکهێنا و خاوەنی شەش منداڵن، سێیان منداڵی خۆیانن و سێیەکەی دیکەیان بەخێوکردنیان لە ئەستۆ گرتووە.
 
لە 2016 پارێزەری جولی رایگەیاند، هەردوو هاوژین گەیشتوونەتە رێککەوتن کە منداڵەکانیان لەلای جولی بمێننەوە، لە هەمانکاتتدا سەردانیان بۆ لای باوکیان هەبێت.
 
جولی لە ئەیلوولی 2016 داوای جیابوونەوەی پێشکێش بە دادگە کرد، دواتر پیت، بۆ جیابوونەوە داوای مافی مانەوەی منداڵەکان لەلای خۆی کرد.