رووداو – هەولێر
پەیکەرسازی کورد سامان هیدایەت، رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەند مەزهەری خالقی لانەدراوە، کە پەیکەرەکە لە شاری سلێمانییە.
سامان هیدایەت، بە رووداوی راگەیاند :" لە شاری هەولێر شوێنیان بۆ پەیکەری هونەرمەند مەزهەری خالقی دیاری نەکرد و رێگەیان نەدا دایبێنم، بۆیە بڕیارمدا پەیکەرەکە بشکێنم، بەڵام چەند هاوڕێیەک پەشیمانیان کردمەوە، دواتریش ئەم بارودۆخەی کوردستانی بەسەرداهات، بۆیە نەمشکاند".
گوتیشی:" دواتر هەوڵماندا لە شاری سلێمانی شوێنێک دیاری بکەین و پەیکەرەکەی لێ دابێنین، ئێستا پەیکەرەکە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی دانراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەردەی لەسەر لا نەدراوە".
هیدایەت گوتیشی، بڕیار وابوو لە رۆژی ڤالانتاین واتە لە 14-ی شوبات پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەند مەزهەری خالقی لە شاری سلێمانی لابدرێت، بەڵام بەهۆی شەهیدبوون و بەدیلگیرانی کۆمەڵێک پێشمەرگە لەم ماوەیەدا چالاکییەکەمان دواخست.
سامان هیدایەت، دەرچووی پەیمانگا و کۆلێژی هونەرەجوانەکانی شاری هەولێرە، بەشی پەیکەرسازی تەواوکردووە و تاکو ئێستا پەیکەری بۆ چەندین هونەرمەند و کەسایەتی ناسراوی کوردستان دروستکردووە، چەند پەیکەرێکیشی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی دانراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ