خەڵاتەکانی گرامی دابەشکران

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 65مین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گرامی بەڕێوەچوو و خەڵاتەکانی بە هونەرمەندان و بەرهەمە میوزیکییەکان بەخشرا و هەریەک لە بیۆنسێ، هاری ستایڵز و لیزۆ دیاترین براوەکانی خولی ئەمساڵن.
 
بیۆنسێ، گۆرانیبێژی ئەمریکی توانی ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات لە وەرگرتنی زۆرترین خەڵاتی گرامی و لە خولی ئەمساڵدا خەڵاتی 32مینی وەرگرت، بە مەش توانی پێش جۆرج سۆلتی، رابەری ئۆرکێسترایی هەنگار – بەریتانی بکەویت کە خاوەنی 31 خەڵاتی گرامییە و 20 ساڵ بوو کەس ئەو ریکۆردەی نەشکاندبوو.
 
بیۆنسێ جگە لە خەڵاتی باشترین ئەلبوومی ساڵ بۆ ئەلبوومی 'Renaissance'، توانی خەڵاتی باشترین گۆرانی و باشترین تۆمارکراو ساڵ لە رێگەی گۆرانی 'Break My Soul' و خەڵاتی باشترین بەرهەمی 'ئار ئاند بی'ـی کلاسیکی لە رێگەی گۆرانی 'Plastic Off the Sofa' بەدەست بێنێت.
 
هەروەها ئەدێل خەڵاتی باشترین نمایشی سۆڵۆی پۆپ لە رێگەی گۆرانی 'Easy on Me' وەرگرت.
 
خەڵاتی باشترین ئەلبوومی پۆپ بە 'Harry’s House'ـی هاری ستایڵز بەخشرا و لیزۆ خەڵاتی باشترین بەرهەمی ریمێکسی بۆ گۆرانی 'About Damn Time' بردەوە.
 
خولی ئەمساڵی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی گرامی، لەلایەن تریڤۆر نوهـ، ئەکتەری کۆمێدی پێشکێشکرا و لە دوو ساڵی رابردووش، هەر لەلایەن ئەو پێشکێشكارەوە رێوڕەسمەکە پێشکێشکراوە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا لە 91 بەشدا خەڵات دابەش دەکرێن، بە خەڵاتی باشترین ئەلبوومی نوێ و باشترین ئەلبوومی میوزیکی دەستپێدەکات و بە بەخشینی خەڵات بە باشترین ئەلبوومی ساڵ کۆتایی دێت.
 
تایلۆر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی، کە براوەی 11 خەڵاتی گرامییە، ئەمساڵ بۆ چوار گرامی بەربژێرکرا، لەوانە باشترین گۆرانی ساڵ، باشترین گۆرانی نووسراو بۆ هۆکارە میدیاییە بینراوەکان، باشترین گۆرانی کانتری و باشترین ڤیدیۆکلیپ.
 
ئەمساڵ بیۆنسێ، گۆرانیبێژی ئەمریکی و ئەدێل، گۆرانیبێژی بەریتانی بۆ زۆرترین خەڵاتەکانی گرامی بەربژێرکران کە هەریەکەیان بۆ حەوت خەڵات بەربژێرکران.
 
خەڵاتی باشترین کتێبی بیرەوەرییەکان بە دەنگی بە ڤیۆلا دەیڤیس، ئەکتەر و بەرهەمهێنەنری ئەمریکی براوەی خەڵاتی ئۆسکار بەخشرا.
 
خەڵاتی باشترین ڤیدیۆکلیپ، بە 'All Too Well'ـی تایلۆر سویفت بەخشرا کە بەشێوەی کورتە فیلمی میوزیکی بەرهەمهاتووە.
 
خەڵاتی باشترین ئەلبوومی راپ، بە ئەلبوومی 'Mr. Morale & the Big Steppers'ـی کێندریک لامار و خەڵاتی باشترین ئەلبوومی رۆک بە ئەلبوومی 'Patient Number 9'ـی ئۆزی ئۆزبۆرن بەخشرا.
 
خەڵاتی باشترین گۆرانی راپ بە 'The Heart Part 5'ـی کێندریک لامار و خەڵاتی باشترین گۆرانی کەنتری بە گۆرانی 'Til You Can’t' بەخشرا، هەروەها خەڵاتی باشترین ئەلبوومی کانتری بە 'A Beautiful Time'ـی ویڵ نێڵسن بەخشرا.
 
گرامی باشترین ئەلبوومی ئاڕ ئاند بی بە 'Black Radio III'ـی رۆبێرت گلاسپەر، گرامی باشترین ئەلبوومی جاز بە 'Jazz Vocal Album'ـی لینگەر وایەڵ و گرامی باشترین ئەلبوومی نوێ بە 'Mystic Mirror'ـی بە گرووپی وایت سەنی ئەمریکی بەخشرا.
 
خەڵاتی گرامی ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای تۆمارکردنەوە بە باشترین بەرهەمە میوزیکییەکانی ساڵ دەدرێت و بە یەکێک لە چوار گرنگترین خەڵاتی کات بەسەربردن لە ئەمریکا دەناسرێت، ئەویش خەڵاتی ئۆسکار بۆ سینەما، ئێمی بۆ بەرهەمی تەلەڤزیۆنی و تۆنی بۆ شانۆیە، یەکەم رێوڕەسمی لە 4ـی ئایاری 1959 بەڕێوەچوو و سەرەتا ناوی خەڵاتی گرامۆفۆن بوو.