رووداو دیجیتاڵ
فەرەح بیوتی، ئەو کچە کوردەیە کە بەم دواییە ڤیدیۆیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و ئۆتۆمبێلێکی جیکڵاسی بە دیاری بۆ هاتووە، دەڵێت، خۆی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ خۆی کڕیوە.
فەرەح بیوتی کە وەک ژنێکی بازرگان خۆی دەناسێنیت و خاوەنی سەنتەرێکی جوانکارییە لە هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، ئەو بۆ خۆی زێڕە و خۆی خۆشدەوێت، بۆیە بڕیاریدا لە ساڵی نوێدا سوپڕایز بۆ خۆی بکات و ئۆتۆمبێلێکی جیکڵاسی 2025 بۆ خۆی بکڕێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا هەزار و 800 گوڵ دانرابوو و نرخی ئۆتۆمبێلەکەش 265000 دۆلارە، واتە 26 دەفتەر و نیو.
روونیشیکردەوە، ئەمە یەکەمجار نییە دیاری لەو شێوەیە بۆ خۆی دەکڕێت، ساڵی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی دێفێندەر 2024 بە دیاری بۆ خۆی کڕی.
فەرەح بیوتی، گوتیشی، جگە لەوەی دیاریی گرانبەها بۆ خۆی دەکڕێت، چەندین شتی گرانبەهاشی بە دیاری بۆ هاتووە.
فەرەح بیوتی، ناوی تەواوی فەرح شاکرە، کوردە و لە 1997 لەدایکبووە و خەڵکی خانەقینی باشووری کوردستان، لە 2010ـەوە لە هەولێر دەژی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ