رووداو دیجیتاڵ
لیستی بەربژێرکراوان بۆ خەڵاتەکانی 'ئەنسۆر' بڵاوکرایەوە کە بە ئۆسکاری سینەمای بەلجیکا ناسێندراوە، سەهیم عومەر خەلیفە لە رێگەی دوو فیلمەوە بەربژێری دوو خەڵاتە.
خەڵاتەکە لەلایەن ئەکادیمیای 'ئەنسۆر'ـی بەلجیکا دەبەخشرێت و بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی ئەو وڵاتە ناسێندراوە کە رێز لە دەستکەوتی سینەمایی و پیشەسازی سینەما لەو وڵاتە دەگرێت.
سەهیم عومەر خەلیفە، لە رێگەی فیلمی سینەمایی 'مێسیی بەغدا' بەربژێری خەڵاتی باشترین دەرهێنەرە، هەروەها بەڵگەفیلمێکی بەناوی 'جوانیی شاراوەی عێراق' بەربژێری خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمە و رکابەری چوار فیلمی دیکە دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.
بەربژێرکراوەکان لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەری یەکلایی دەکرێنەوە کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار کەسە، دواتر لەلایەن لیژنەیەکی سەر بە ئەکادیمیاکە؛ براوەی خەڵاتەکان دیاریی دەکرێن و خەڵاتەکان لە 3ـی شوباتی 2024 لە هۆڵی کورسال لە شاری کەناری دەریایی ئۆستێندی بەلجیکا دابەش دەکرێن و یەکەم خولی لە 2010 بەڕێوەچووە.
فیلمی 'مێسیی بەغدا' لە کانوونی یەکەمی 2023 خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە 10مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەدەستهێنا و بەخشرایە ئەحمەد محەممەد، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە.
10یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، به دروشمی 'زمانی کوردی' و به نمایشی 116 بهرههمی فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، له 9 تا 16ـی کانوونی یهکهمی 2023 لە دهۆک بەڕێوەچوو و فیلمی 'مێسیی بەغدا' وەک فیلم دەستپێک پێشاندرا و سێ بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا بەشداربوون.
هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 سێ خەڵاتی سەرەکیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا لە هۆلیوودی ئەمریکا بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ بوو.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا ماوەی 26 ساڵە بەردەوامە و چالاکییەکانی ئەمساڵی لە 29ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆلیوودی لۆس ئەنجلس دەستپێکرد و لە 17ـی تشرینی دووەم کۆتاییهات.
'مێسیی بەغدا' نوێترین فیلمی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، لە دوای بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا، لە 28مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی 'Schlingel' لە شاری کێمنێتس ئەڵمانیا بەشداربوو کە تایبەتە بە فیلمی منداڵان و گەنجان و لە 23 تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2023 بەڕێوەچوو و خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
ئەم بەرهەمە لە حوزەیرانی 2023، بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا کرد، لەوانە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای کە بەربژێری سێ خەڵات بوو و لە هەمان مانگ لە 63یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زلینە لە چیک.
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
کورتەفیلمی 'مێسیی بەغدا' براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.
'میسیی بەغدا' باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.
'جوانیی شاراوەی عێراق' کە باس لە فۆتۆگرافەری عێراقی، لەتیف عانی دەکات، لە 10مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردی بەدەستهێنا و ئێستا لە سینەماکانی بەریتانیا پێشاندەدرێت.
ئەم بەرهەمە کە وێنەی سەرکردەکانی کورد لەخۆ دەگرێت، لەوانە مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی، لەلایەن لەتیف عانی گیراون کە باوکی هونەری فۆتۆگرافی عێراقی دەناسرێت.
بەرهەمەکە لە 2020 لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، لەتیف عانی کۆچی دواییکردووە.
لەم بەرهەمەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانیی و لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
لەتیف عانی لە چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوو وێنەی زۆری لە باشووری کوردستان گرتووە، بەتایبەتیش لە هەولێر، سلێمانی، زاخۆ و ئاکرێ.
لەتیف ئەلعانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021، لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغدا کۆچی دواییکرد.
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەمی تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو، ئەمەش دوای ئەو کرانەوە کولتووریەی ئەو وڵاتە دێت، کە لە زۆربەی شارەکانیدا فێستیڤاڵی هونەری سازدەکات و تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و رووماڵێکی بەرفراوانی کرد.
سەهیم عومەر خەلیفە، لە دایکبووی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستانە و لە بەلجیا دەژی، بڕوانامەی ماستەری لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، خاوەنی چوار کورتەفیلم و دوو فیلمی بڵندی سینەمایی و بەڵگەفیلمێکی درێژە، لە رێگەی فیلمەکانییەوە زیاتر لە 110 خەڵاتی بەدەستهێناوە، دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمەکانی لە کورتە لیستی کورتە فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا بوو و یەکێکە لە ئەندامانی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاوی کە خەڵاتی ئۆسکار دابەش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ