ئۆمیکرۆن رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی دوادەخات
رووداو دیجیتاڵ
جیهان مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن گۆڕای نوێی کۆرۆنا لەبەرچاو دەگرن و بەهۆیەوە بەشێک لە چالاکییەکان بۆ کاتی نادیار دواخراون، رێکخەرانی ریوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی، رێوڕەسمەکەیان دواخست کە بڕیاربوو لە کۆتایی ئەم مانگە سازبکرێت.
تەواوی ئامادەکارییەکان کرابوون بۆ ئەوەی لە 31 ئەم مانگە لە لۆس ئەنجلس لە ئەمریکا خەڵاتەکانی گرامی دابەشبکرێن، بەڵام دوێنی چوارشەممە 05-11-2021 بڕیاری دواخستنی رێوڕەسمەکە درا و هیچ وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی ئەو خولە دیاری نەکراوە.
جگە لە رێکخەرانی ئەو رێوڕەسمی دابەشکردنی ئەو خەڵاتە میوزیکییە، هەر دوێنێ رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس بڕیاریان دا خولی ئەمساڵ بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبچێت کە بڕیاربوو لە 20 ئەم مانگە بە شێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبچێت.
جۆن باتیست گۆرانیبێژو پیانۆژەنی ئەمریکی، لە خولی ئەمساڵی خەڵاتەکانی گرامیدا بۆ زۆرترین خەڵات بەربژێرکراوە کە ژمارەیان 11 خەڵاتە، لە دوای ئەو هەریەک لە جەستن بیبەر و دوجا کات دێن کە بەربژێری هەشت خەڵاتن.
خەڵاتی گرامی، لەلایەن ئەکادیمیای نیشتمانیی بۆ تۆماری ھونەر و زانست (NARAS) پێشکەش دەکرێت، لە 1959 دامەزراوە، بە یەکێک لە گرنگترین خەڵاتەکانی بواری میوزیک لە ئەمریکا و جیهاندا دەناسرێت.
ئەو خەڵاتە ساڵانە لە مانگی شوبات لە 78 بەشدا بۆ 30 جۆری میوزیک دابەشدەکرێت، لەوانە پۆپ، رۆک و راپ.
جۆرج سۆڵتی، میوزسیانی ئەمریکی، براوەی زۆرترین خەڵاتی گرامییە کە ژمارەیان 31 خەڵاتە، مایکل جاکسن گۆرانیبێژی ئەمریکی، تاکە هونەرمەندە کە لە یەک خولدا هەشت خەڵاتی بەدەستهێنابێت.