رووداو دیجیتاڵ
عامر خان، ئەکتەری نێوداری سینەمای بۆڵیوود، وەکو یەکەم میوانی بەنێوبانگ لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور ئامادەبوو. بڕیارە ئەمڕۆ ئەو ئەکتەرە خەڵات بکرێت.
ئەو هونەرمەندە دیدارێکی لەگەڵ هەوادارانی بۆ رەخساوە، تێیدا باس لە ئەزموونی هونەریی خۆی دەکات و رێگە بە میدیا نادرێت لەو دیدارەدا ئامادە بن.
جگە لە عامر خان، بڕیارە هەر ئەمڕۆ ئێملی بڵەندت، ئەکتەری هۆڵیوود و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار لە رێگەی فیلمی ئۆپنهایمەر، خەڵات بکرێت.
عامر خان بەم دواییە لەگەڵ راگەیاندنی دوورکەوتنەوەی لە کاری هونەری قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەو ئەکتەرە لەمبارەیەوە رایگەیاند، لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە دنیای سینەمادا کار دەکات و کاتی بۆ خێزانەکەی نەبووە، بۆیە بڕیاریداوە بۆ ماوەیەک پشوو بدات.
جگە لەو دوو ئەستێرەیە، بڕیارە ژمارەیەک ئەستێرەی دیکەی سینەمایی لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە بن، لەوانەش میشێل یو، ئەکتەری مالیزی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، هەردوو ئەستێرەی سینەمایی بۆڵیوود کارینا کاپوور و رانپێر کاپوور، هەروەها هەردوو ئەستێرەی دراما و سینەمای تورکیا، ئەنگین ئاڵتان و نوورگوڵ یەشیلچای.
هەروەها بڕیارە پریانکا چۆپرا، ئەکتەری بۆڵیوود و نیک جۆناس، گۆرانیبێژی ئەمریکی میوانی دیکەی سەر فەرشی سوور دەبن.
هەروەها رێز لە دوو ناوی دیاری سینەمای جیهانی و عەرەبی دەنرێت، ئەوانیش ڤیۆلا دێڤیس، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکی و مونا زەکی، ئەکتەری ناسراوی میسرییە. جگە لە رێزلێنانەکە، دانیشتنێکی کراوەیان لە شێوەی ماستەر کڵاس بۆ ساز دەکرێت و باس لە ئەزموونی هونەرییان دەکەن.
ئەم ساڵ فێستیڤاڵەکە بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە،" لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدەی سعودییە بەڕێوەدەچێت، تێیدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشدارن، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20یان رێوڕەسمی فەرشی سووریان دەبێت و ستافی فیلمەکان ئامادە دەبن.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکەیە و رووماڵی چالاکییەکانی دەکات، ساڵی رابردووش رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییەی کرد و فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" کە رووداو هاوبەشی بەرهەمهێنانیەتی، بەشداربوو و دوو پێشاندانی بۆ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ