شارەکانی باکووری کوردستان لە خواردنەوەی چا پێشەنگی تورکیان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنکارەکانی چا (چایکور) لیستی حەوت پارێزگەی پێشەنگی تورکیا و باکووری کوردستانی لە خواردنەوەی چا بڵاوکردەوە. هەر حەوت پارێزگاکە لە باکووری کوردستانن و دیلۆک پلەی یەکەمە.
لەکاتێکدا زۆربەی چاوەکان لەسەر پارێزگەکانی هەرێمی دەریای رەشی تورکیا بوون کە بە کێڵگەکانی چا بەناوبانگن، بەڵام پارێزگەکانی باکووری کوردستان لە چاخواردنەوە دا یەکەم بوون.
چایکور لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەوە کردووە؛ ئایا زۆرترین چا لە کام پارێزگا دەخورێتەوە؟
بەگوێرەی لیستی چایکور، دانیشتووانی حەوت پارێزگا کە زۆرترین چا دەخۆنەوە دەکەونە باکووری کوردستان و ریزبەندییەکەش بەمشێوەیەیە:
1- دیلۆک
2- رووها
3- مووش
4- ئامەد
5- مێردین
6- بەدلیس
7- ئاگری
بڵاوکردنەوەی ئەو لیستە زۆربەی تورکەکانی تووشی شۆک کردووە. چونکە ئەوان چاوەڕێ بوون پارێزگای ریزە کە بە پایتەختی بەرهەمهێنانی چا دادەنرێت، لە پلەکانی یەکەمدا بێت، بەڵام ئەو پارێزگایە لە خواردنەوەی چادا تەنانەت لە لیستەکەشدا نییە.
لە زۆربەی پارێزگاکانی تورکیادا چای ریزە دەخورێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان زیاتر چای سیلان دەخورێتەوە. زۆربەی ئەو چایانەش لە هەرێمی کوردستانەوە دەبرێتە ئەوێ. حکومەتی تورکیا ئەو چایانە بە 'قاچاخ' ناودەبات، چونکە بە شێوەیەکی فەرمی هەناردە ناکرێن و خەڵک بە بڕی کەم دەیبەن. تەنانەت کوردانیش هەر بە چای قاچاخ ناوی دەبەن.
سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن، یەکەمجار لە مێژوودا چینییەکان نزیکەی 2700 ساڵ پێش زایینی، چایان وەکو چارەسەری نەخۆشی بەکارهێناوە، تاوەکو وایلێهاتووە لەگەڵ ئاو تێکەڵکراوە و وەکو خواردنەوەیەکی بەچێژ خوراوەتەوە.