ماڵی میوزیکی زەهاوی بە کۆنسێرتێک لە قەڵای هەولێرەوە راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ

قەڵای هەولێر باوەشی بۆ گۆرانی و ئاوازی هونەرمەندانی چوارپارچەی کوردستان کردەوە ، بۆ نزیکەی دوو کاژێر دەفەکەی زەهاوی، تەموورەکەی فەرید ئیلهامی، عودەکەی گۆران کامیل ، کەمانەکەی موسا ئەرتووش و دەنگە بەسۆزەکەی نەسرین داوود موژدەی کردنەوەی ماڵی میوزیکی زەهاوییان بە خەڵکی پایتەخت و کوردستانیان دا.
 
کاژێر شەشی ئێوارەی پێنجشەممە بوو، هۆگرانی میوزیک بە قەڵای هەولێردا سەردەکەوتن بۆ ئەوەی بۆ ساتێک ئاواز و گۆرانیی هەموو بەشەکانی کوردستان ببیستن و گوێیان پڕ لە ئاواز بکەن. سەرەتا هەژار زەهاوی سەرپەرشتیاری گرووپەکە و میوزیکژەن و میوزیکزانە بەناوبانگەکەی کوردستان چووە سەر ستەیج و بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و بە هاونیشتمانییانی هەولێری راگەیاند، لە دوو ساڵی داهاتوو میوزیک لە هەولێر دانابڕێت.
 
هەژار زەهاوی قسەکانی بەمشێوەیە کرد:
 
بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم کە ئەم کۆنسێرتە بۆ کردنەوەی ماڵی میوزیکی زەهاوییە. با باسی چیرۆکی ئەم ماڵەتان بۆ بکەم. من لە تەمەنی 15 ساڵیدا کە کاتێک لەگەڵ ئامیری دەف ئاشنابووم قەت چاوەڕوانم نەدەکرد کە من لە بواری هونەریی 25 ساڵ بەردەوام بم و لە رێگەی دەفەوە 100 وڵاتی جیهان بڕۆم.
 
هەمیشە ئاواتی من ئەوە بوو کە بتوانم دەزگایەک بەناوی خۆمەوە دانێم، بۆیە ئەمشەو 4-11-2021 بۆ من شەوێکی تایبەتە، چونکە رۆژی دامەزراندنی ماڵی میوزیکی زەهاوییە.
 
ماڵی میوزیکی زەهاوی لە 2022 دەست بە چالاکییەکانی دەکات. لێرە دەمەوێت بزانن ئامانجی ئەو ماڵە چییە و لە دوو ساڵی داهاتوو چی دەکات و بۆ لە هەولێرە؟. پایتەخت زۆر گرنگە بۆ پرسە کولتوورییەکان، پایتەختی هەر وڵاتێک بێجگە لەوەی لە بواری پیشەسازی و ئابووری و سیاسییەوە گرنگە لە راستیدا لە بواری کولتووریشەوە زۆر زۆر گرنگە. بۆیە پێمخۆشبوو ئەم ماڵە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و باشووری کوردستانی ئازیز بکرێتەوە. 
 
لە دووساڵی داهاتوو ماڵی میوزیکی زەهاوی لە یەکەم دەستپێکیەوە بۆ 24 مانگ لە هەر مانگێک کۆنسێرتێک بەڕێوەدەبات. ئەم کۆنسێرتانە بریتی دەبن لە هونەرمەندانی کورد بەڵام نەک تەنیا لە باشووری کوردستان، هونەرمەندان بانگهێشت دەکرێن و جگە لەوەی کۆنسێرتیان بۆ رێکدەخرێت بۆ ماوەی دوو رۆژیش وۆرکشۆپێکی چڕوپڕیان بۆ دادەنرێت. بەڕاستی خەونی من ئەوەیە دەمەوێت کوردستانی بێت و لە هەمانکاتیشدا جیهانی بێت ، هونەرمەندانی نێودەوڵەتیش بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی بێنە ئێرە و کۆنسێرت بکەن بۆ ئەوەی شاری هەولێر و دانیشتووانی هەولێر لەگەڵ میوزیکی گەلانی دیکەشدا ئاشنا بن.
 
 
"بەبێ ئەم سێ کەسە خەونەکەم بەدینەدەهات"
 
هاژار زەهاوی لەبارەی کردنەوەی ماڵی میوزیکی زەهاوییەوە گوتی کە بەبێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو خەونەی بەدینەدەهات. هەژار زەهاوی بەمشێوەیە باسیکرد:
 
بۆ بەدیهاتنی ئەم خەونەم دەبێت سوپاسی سێ کەس بکەم. ئەم سێ کەسە رۆڵێکی زۆر زۆر گەورەیان بینی لەم دامەزراوەیەی مندا. یەکەم کەس جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو کە پاڵپشتیی خۆی بۆ دووساڵ پیشاندا. ئەوە ئومێدێکی زۆر گەورەیە بۆ من و سوپاسیان دەکەم چونکە بەڕێزیان کەسێکی کولتوورییە و حەزی لە میوزیکە.
 
دووەم کەس کە بەڕاستی وەک براگەورەی خۆمە و  9 ساڵە لەگەڵ ئەم بەڕێزەدا ئاشنام و هەرجار چوومەتە ئۆفیسەکەی بیرۆکەیەکم هەبووە قەت نەیوتووە نە. نە بۆ من و نە کەسانی دیکەش. لە ئاستی توانای کەناڵەکەی توانیویەتی پاڵپشتی هونەر بێت کە خۆی زۆر زۆر حەزی لە میوزیکە. جەنابی کاک ئاکۆ محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەبێ جەنابیان من نەمدەتوانی ئەم دامەزراوەیە دانێم.
 
بۆ سێیەم کەس تۆزێک هەستێکی تایبەتم هەیە. دایکم لێرەیە ئەمشەو. بوونی ئەم ژنە هەستێکی سەیرە بۆ من.

 

 
دوای قسەکانی هەژار زەهاوی گرووپە میوزیکەکە یەکە یەکە هاتنە سەر ستەیج کە ئەم کەسانە بوون
 

 گرووپی باکووری کوردستان
 
1- ئەنوەر ئایدین
 
2- مووسا ئەرتووش
 
3- ئێمرە ئایدین
 
گرووپی رۆژهەڵاتی کوردستان
 
1- فەرید ئیلهامی
 
2- ساقی حەیدەری
 
3- ئایدا بەختیاری
 
گرووپی رۆژئاوای کوردستان
 
1- زنار مەحموود
 
2- نەسرین داوود
 
3- سەفقان ئۆرکێش
 
گرووپی باشووری کوردستان
 
1- گۆران کامیل
 
2- رێوان رەشید
 
3- بێژەن جەزا
 
4-میر ئامانج
 
5- خارا ستار
 
کۆنسێرتەکە بە دوو گۆرانیی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و نەسرین داوود و سەفقان ئۆرکێش پێکەوە گۆرانییەکانیان گوت کە جۆش و خرۆشێکی زۆری دروستکرد.
 
سەفقان ئۆرکێش لە گوتەیەکی کورتدا خۆشحاڵی خۆی دەربری کە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە و گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە لە هەولێر دەنگی میوزیک بەرز دەبێت. لە کوردستان پێشتر دەنگی شەڕ و گولـلە دەهات ئێستا دەنگی میوزک بەرزدەبێتەوە".
 
گۆرانییەکانی گرووپی رۆژئاوای کوردستان
 

 

 

یەکەم گۆرانیی گرووپەکە ناوی گولازەر بوو کە میلۆدییەکەی هی ناوچەی کۆبانێیە و گۆرانی دووەم حەیرانێکە کە تایبەتە بە رۆژئاوای کوردستان و دوای ئەویش گۆرانیی جزیرێیە کە باسی جوگرافیای کوردستان و نەبوونی سنووری دەکرد.
 
گۆرانیی گرووپی رۆژهەڵاتی کوردستان
 

 

 

لە رۆژئاواوە چوونە رۆژهەڵاتی کوردستان. فەرید ئیلهامی لە گوتەیەکدا لەبارەی گۆرانییەکانیان گوتی، تەمبوور ئامێری کاکەیی و یارسانەکانە. تەمبوور تاوەکو 50 ساڵ لەمەوبەر ئامێرێکی شاراوە بووە و تەنیا لە جەمخانە و خانەقاکاندا هەبووە تاوەکو گەورەیەکی یارسانەکان بەناوی ئەمروڵڵا شەهاب رەحیمی تەمبووری لە جەمخانە هێنایە دەرەوە و هێنایە سەر ستەیج. 
 
فەرید ئیلهامی گوتی، ئەو ئاوازەی لە کۆنسێرتەکە گوێتان لێدەبێت میوزیکی مەقامیی یارسانەکانی سەحەنەی کرماشانە.
 
گۆرانییەکانی گرووپی باکووری کوردستان
 

 

 

گرووپەکە دوو گۆرانیان ئامادەکردبوو و ئەنوەر ئایدین لەبارەی گۆرانییەکانەوە گوتی؛ دوو گۆرانیمان ئامادەکردووە یەکەمیان گۆرانی چۆخۆیە و ئەوی دیکەیش ناوی چەلێ بەرچەلانە کە هەردووکیان گۆرانی فۆلکلۆری ناوچەی جۆلەمیرگن.
 
گۆرانییەکانی گرووپی باشووری کوردستان
 

 

 

گرووپی باشووری کوردستان بە سەرپەرشتیی گۆران کامیل و گۆرانی گوتنی بێژەن جەزا هاتبوونە نێو کۆنسێرتەکەوە. دوو گۆرانی فۆلکلۆریان ئامادەکردبوو بەناوەکانی وەی وەی و کوێستانی خاڵ خاڵی کە جۆش و خرۆشی بە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە دابوو.
 
هەژار زەهاوی کێیە؟
 

هەژار زەهاوی ناوی تەواوی حوسێن زەهاوییە، ساڵی 1980 لە خانەقەینی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە 1990 لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە بەریتانیا و هەر لەو ساڵە بە ئامێری دەف ئاشنا بووە، ئێستا لە لەندەنی بەریتانیا دەژی و بەشێکی زۆر لە پڕۆژە هونەرییەکانی لە باشووری کوردستان بەرهەمدێنێت و پێشکێشی دەکات.
 
زەهاوی ژەنیاری ئامێرە ریتمییەکانە و بەکالۆریۆسی ئیتنۆمیوزیکۆلۆژی لە زانکۆی ساواسی لەندەن وەرگرتووە و پرۆژەی زانکۆکەشی لەبارەی هەڵپەڕکێی کوردی بووە.
 
ئەو دەفژەنە کوردە، وەک پێشکێشکاری بەرنامەی هونەری، لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کاریکردووە، لەوانە بەرنامەی 'ئاوازی جیهان' و 'ئاوازی زەهاوی'.
 
لە 20-06-2019 هەژار زەهاوی لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی جیهانی، کۆنسێرتی 'شارەکانی نێرگز'ـی لە قەڵای هەولێر سازکرد، کۆنسێرتەکە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو و هەوڵێک بوو بۆ ناساندنی زیاتری ئەو قەڵایە لەسەر ئاستی جیهاندا.
 
زەهاوی دامەزرێنەری گرووپی نیشتمانە کە لەلایەن رووداو چالاکییەکانی سپۆنسەر دەکرێن و شەش ئەندامی هەیە، خاوەن چەندین بەرهەمە و لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا میوزیکی کوردی پێشکێشکردووە.
 
لە 2014 تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێکی لەبارەی ئەو هونەرمەندە کوردە بەناوی 'هەژار زەهاوی' بەرهەمهێناوە و لە لەندەن و هەولێر وێنەگیراوە. 
 
کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە بۆ بینینی وێنەکانی کۆنسێرتەکە