رووداو دیجیتاڵ
فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، بە ئامادەبوونی دەرهێنەر، لە بەشی پێشبڕکێ 20ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زیۆریخ لە سویسرا بەشدارە و پێشاندانی لە سینەماکانی باشووری کوردستان و وڵاتانی عەرەبی بەردەوامە.
هەڵکەوت مستەفا، بە رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 فیلمەکەی پێشاندرا و خۆیشی لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبووە و بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، پێشاندانی دووەم بۆ فیلمەکە بکرێت و تەواوی بلیتی هەردوو پێشاندانی فیلمەکە فرۆشراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکەی لە بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە درێژەکاندا بەشدارە و بەربژێری خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمە.
20ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زیۆریخ، بە فیلمی "The Order" لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری زیۆریخی سویسرا دەستیپێکرد و تاوەکو 13ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج بەرهەمی هێناوە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ