پێشبینی دەکرێت داهاتی 'Joker 2' لە سێ رۆژدا 140 ملیۆن دۆلار بێت


رووداو دیجیتاڵ

شارەزایانی پیشەسازی فیلم، پێشبینی دەکەن داهاتی بەشی دووەمی فیلمی "Joker" لە سێ رۆژی یەکەم هەفتەیدا لە سینەماکانی جیهاندا، بگاتە 140 ملیۆن دۆلار و لە یەکەم رۆژدا 22 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.
 
پێشاندانی فیلمەکە لە رۆژی هەینی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا دەستیپێکرد و 22 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە. 
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، توانی پێشبینییەکان تێپەڕێنێت و لە سێ رۆژی یەکەم هەفتەیدا 248 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
 
بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"ـە و بەم دواییە پێشاندانی تایبەتی لە لەندن و لۆس ئەنجلس بە ئامادەبوونی بەشێک لە ستافی فیلمەکە بەڕێوەچوو، لەوانەش هەردوو ئەکتەری سەرەکی خواکین فینێکس و لەیدی گاگا. 
 
رووداوەکانی "Joker: Folie à Deux" درێژەپێدەری بەشی یەکەمن، تێیدا فینێکس رۆڵی کارەکتەری ئارسەر فلێک دەگێڕێت کە دوایین جار لە پەخشی راستەوخۆدا پێشکێشکارێکی تەلەڤزیۆنی دەکوژێت، بەهۆیەوە چارەسەری دەروونی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی دواتر بەهۆی ئەو تاوانەوە دادگایی بکرێت.
 
ئەم رووداوە وایکرد، ژمارەیەک هەوادار بۆ خۆی دروستبکات، یەکێک لەوانە کارەکتەری هارلی کوین کە گاگە رۆڵی دەگێڕێت، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت و بە گۆرانی گوزارشت لە خۆیان دەکەن.
 
گاگا، لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە لەندن، لەبارەی فینێکس گوتی، کارکردنم لەگەڵ ئەودا خۆشویست. هیچ رۆژێک بێزارکەر نەبووە، ئەو بە درێژایی کات کەسێکی پێکەنیناوییە. گوتیشی، جیهانی "Joker" چەند تاریک بوو، بەڵام هێندەی ئەوەش لە کاتی وێنەگرتن پێکەنیون.
 
تۆد فیلێپس، دەرهێنەری فیلمەکە لە پێشاندانی تایبەتی "Joker: Folie à Deux" لە لەندن ئامادەبوو، لەبارەی گاگا گوتی، جەماوەرێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام ئەوان گاگایان خۆشدەوێت لەوەی دەیکات. هیوای ئەوەشی خواست، فیلمەکەیان بە دڵ بێت. گوتیشی، ئەوان دیوێكی دیکەی جیاوازی دەبینن و لەو بڕوایەدایە، ئەو کارەکتەری خوڵقاندوویەتی؛ بە دڵیان دەبێت.
 
فیلێپس، پێشتر رایگەیاندبوو، خواکین فینێکس رۆژانە هەستی بە نەخۆشکەوتن دەکرد و دڵەڕواکێی لە گۆرانیگوتن لەگەڵ لەیدی گاگا هەبوو.
 
بەشی دووەمی "Joker" بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برۆسە و لە نیسانی 2024 یەکەم پۆستەری بڵاوکرایەوە.
 
لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەدا، خواکین فینێکس و لەیدی گاگا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەگیراوە، چونکە ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری لێخۆشبوونی باجی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە بڕی 12.6 ملیۆن دۆلار دا.
 
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە بوو کە داهاتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 55 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی "Joker" لە جۆری فیلمی دەروونیی ھەستبزوێنە، لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی تۆد فیلیپسە و لەگەڵ سکۆت سیلڤەریشدا سیناریۆکەی نووسیوە. 
 
فیلمەکە لەبارەی جۆکەرە و چیرۆکی بنەچەیی کارەکتەرەکە دەخرێتەڕوو و رووداوەکانی لە 1981 روودەدەن.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 76مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز لە 31ـی ئاب 2019 پێشاندرا، خەڵاتی شێری زێڕینی بەدەستهێنا و لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا.
 
"Joker" لە 92مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بۆ 11 خەڵات بەربژێر بوو و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بەدەستبێنێت.