کۆنسێرتی حەمید هیراد لە سلێمانی دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو کۆنسێرتی حەمید هیراد، هونەرمەندی فارس لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستا ئێران هەردوو کۆنسێرتەکە دواخرا و بە گوتەی رێکخەری کۆنسێرتەکەش، لە ئێران رێگری لە هیراد و گرووپەکەی کراوە سەردانی سڵیمانی بکەن.
باهۆز نەسڕەدین، رێکخەری کۆنسێرتەکە، بە رووداوی راگەیاند، بە داوای لێبووردنەوە کۆنسێرتەکەیان دوا دەکەوێت کە بڕیاربوو لە 6-7 تشرینی یەکەمی 2022 بەڕێوەبچێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی سێ هەزار بلیتی هەردوو کۆنسێرتەکە فرۆشران، گوتیشی، بە هۆی بارودۆخی ئێستای ئێران دووچاری کۆمەڵێک گرفت بوونەتەوە.
روونیشیکردەوە، رێگری لە هاتنی حەمید هیراد و گرووپەکەی بۆ سلێمانی کراوە، بۆیە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کۆنسێرتەکە دوادەخەن، تاوەکو بارودۆخەکە گونجاوتر دەبێت، لە چەند رۆژی داهاتووشدا رێکەوتی نوێی دوو کۆنسێرتەکە رادەگەیێنن.
حەمید هیراد، بەم دواییە نوێترین ڤیدیۆکلیپی بەناوی 'وتم بمێنەوە' بە زمانی کوردی و پۆشتنی جلوبەرگی کوردی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە.
حەمید هیراد، ناوی تەواوی حەمید حوسێن زادەیە و گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری ئێرانییە، یەکەم بەرهەمی لە 2015 بەناوی 'بی تاب' بڵاوکردەوە و خاوەنی چەند ڤیدیۆکلیپێکە و ناوبانگییەکی زۆری لە ئێران و کوردستان هەیە.