رووداو دیجیتاڵ
بۆ پێشاندانی فیلمی "Joker: Folie à Deux" لە 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، لەیدی گاگا و خواکین فینێکس، هەردوو ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین، لە دوای پێشاندانی فیلمەکەش 11 خولەک چەپڵەیان بۆ لێدراوە.
تۆد فلیپس، دەرهێنەری فیلمەکە، بەر لە پێنج ساڵ کاری دەرهێنانی بۆ بەشی یەکەمی "Joker" کرد، لەگەڵ هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی بەشی دووەمی زنجیرە فیلمەکە، لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ دەرکەوت.
بەشی یەکەمی "Joker" بەر لە پێنج ساڵ، توانی خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس بەدەستبێنێت، ئەویش خەڵاتی شێری زێڕینە.
لەیدی گاگا لەگەڵ مایکل پۆلانسکیی دەستگیرانی، لەسەر فەرشی سووردا دەرکەوت و جل و تارایەکی رەشی پۆشیبوو.
لە بەشی دووەمی فیلمەکەدا، فینێکس رۆڵی کارەکتەری ئارسەر فیلیک و گاگا رۆڵی هارلی کوین دەگێڕن، پەیوەندی سۆزداری لە نێوانیاندا دروست دەبێت و لە رێگەی گۆرانییەوە گوزارشت لە خۆیان دەکەن. رووداوەکانی بەشی دووەم، دوو ساڵ دوای چیرۆکی بەشی یەکەم روودەدەن.
بەشی دووەمی "Joker" لە بەشی کێبڕکێی فێستیڤاڵدا بەشدارە و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم دەکات، ئەویش خەڵاتی شێری زێڕینە.
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2019 بڵاوکرایەوە، یەکەم پێشاندانی لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بوو و خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێنا، وەک شەشەمین فیلمی پڕداهاتی ساڵ دەستنیشانکرا.
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی دێت کە داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 74 ملیۆن دۆلار بوو، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی 55 ملیۆن دۆلار بوو.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە جۆری فیلمی دەروونیی ھەستبزوێنە، لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی تۆد فیلیپسە.
فیلمەکە لەبارەی جۆکەرە و تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی یەکێک لە بەناوبانگترین خراپەکارەکانی جیهانی کۆمیک کە جۆکەر و چیرۆکی بنەچەیی ئەو کارەکتەرەکە دەخرێتەڕوو و رووداوەکانی لە 1981 روودەدەن.
"Joker" لە 92مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بۆ 11 خەڵات بەربژێر بوو و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بەدەستبێنێت.
دوایین بەشداریی گاگا لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس لە 2018 بوو لە رێگەی فیلمی "A Star Is Born"ـە لە دەرهێنانی برادلی کۆپەر.
فیلمی "Joker: Folie à Deux" بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برازەرزە و لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت.
بە پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی چالاکییەکانیدا، ئەستێرەی دیاری سینەمای هۆلیوود و جیهان تێیدا ئامادە بن.
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، تیم بۆرتن، دەرهێنەری فیلمەکە و هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی مایکڵ کیتن و وینان رایدەر، ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ژمارەیەک ئەستێرەی دیکەی سینەما بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانە مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ناسراوی ئیتاڵی و کەیت بلانچێت، ئەکتەری ناسراوی ئوستراڵی.
لە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە خەڵاتکردنی فیلمی "Joker" لە فێستیڤاڵدا، تۆد فیلیپس، دەرهێنەری فیلمەکە، لە رێگەی بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"، چاوی بڕیوەتە خەڵاتی شێری زێڕینی فێستیڤاڵ کە 20 فیلمی دیکە بەربژێری ئەو خەڵاتەن.
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شێری زێڕینی شانازی، بە سیگۆرنی ویڤەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت.
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.
خواکین فینێکس لە 28ـی تشرینی یەکەمی 1974 لە ئەمریکا لەدایکبووە، بە رۆڵگێڕانی کارەکتەری نامۆ و نا ئاسایی لە فیلمە سەربەخۆکاندا، ناوبانگی پەیداکرد، بەتایبەتیش لە دراما مێژووییەکاندا. جگە لە خەڵاتی ئۆسکار، براوەی خەڵاتی گرامی و گۆڵدن گڵۆبە. لە 2020 و دوای گێڕانی رۆڵی جۆکەر، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ناسناوی "یەکێک لە گەورەترین ئەکتەرەکانی سەدەی 21"ـی پێدا.
دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لە جیهانی هونەردا، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو بوو لە رێگەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، یەکەم دەرکەوتنی لە سینەمادا لە فیلمی "SpaceCamp" بوو لە 1986، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ناوبانگی پەیداکرد، بەتایبەتیش بۆ رۆڵگێڕانیی لاوەکیی لە فیلمی "SpaceCamp" لە 1986 و "Parenthood" لە 1989 و رەخنەگرانی سینەما ستایشیان کرد.
یەکێک لە سەرکەوتووترین فیلمەکانی "Gladiator"ـە لە 2000، تێیدا رۆڵی کۆمۆدۆسی گێڕاوە. دواتر لە فیلمە ترسناکەکانی "Signs" لە 2002 و "The Village" لە 2004 سەرکەوتنی زیاتری بەدەستهێناوە. یەکێکی دیکە لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی فیلمی مێژوویی "Hotel Rwanda"یە کە براوەی خەڵاتی گرامی و گۆڵدن گڵۆبە، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی بایۆگرافی "Walk the Line" لە 2005 بەربژیری خەڵاتی ئۆسکار بوو بۆ باشترین ئەکتەر.
دوای پشوودانێکی کورت، دواتر بە رۆڵگێڕان لە فیلمی درامای دەروونناسی "The Master" لە 2012ـدا گەڕایەوە و بۆ جاری سێیەم بەربژێری ئۆسکار کرا.
دەرکەوتنی هەرە بەهێزی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی فیلمی "Joker" بوو لە 2019 کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدەستهێنا، بەهۆیەوە یەکەم خەڵاتی وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا. دوای ئەوەش لە فیلمی "Beau Is Afraid" لە 2021، فیلمی "Beau Is Afraid" و فیلمی "Napoleon" لە 2023 رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
فینێکس، چالاکوانی مافی ئاژەڵە، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە رووەکخۆرە، پاڵپشتی پرسە خێرخوازییەکان دەکات و چەندین بەڵگەفیلمی لەبارەی بەکارهێنانی گۆشتی ئاژەڵان و کاریگەری لەسەر ژینگە بەرهەمهێناوە. پەیوەندی لەگەڵ رۆنی مارا، ئەکتەری سینەمایی هەیە و خاوەنی دوو منداڵان.
لەیدی گاگا، لە 28ـی ئاداری 2024 لە ئەمریکا لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەرە، لە تەمەنی نەوجوانییەوە گۆرانیی گوتووە و لە بەرهەمە شانۆییەکانی قوتابخانە رۆڵی گێڕاوە، یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆی بەناوی "The Fame" بڵاوکردووەتەوە. زیاتر لە 170 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون. براوەی یەک خەڵاتی ئۆسکار، 13 خەڵاتی گرامی، دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و 18 خەڵاتی ئێم تیڤیی ڤیدیۆکلیپە.
لە 2015 بۆ 2016 رۆڵی لە کورتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "American Horror Story: Hotel"ـە گێڕاوە، ئەمەش یەکەم دەرکەوتنی بوو وەک ئەکتەر، لە 2018 لە فیلمی "A Star Is Born" رۆڵی سەرەکی گێڕا و بەهۆیەوە وەک ئەکتەر ناوبانگی پەیداکرد.
لە رێگەی گۆرانیی "Shallow" کە لە فیلمی "A Star Is Born" پێشکێشیکرد، خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا، دواتریش خەڵاتی بافتا، گۆڵدن گڵۆب و گرامی بەدەستهێنا، بەمەش بووە یەکەم هونەرمەندی ژن ئەو چوار خەڵاتە گرنگە لە یەک ساڵدا بەدەستبێنێت. لە فیلمەکانی دیکەی ئەو ئەکتەرە، "Love for Sale" و "House of Gucci" لە 2021.
گاگا چالاکی و کاری خێرخوازی بۆ هۆشیاریی تەندروستیی دەروونی و مافی هاورەگەزخوازەکان ئەنجام دەدات. خاوەنی رێکخراوێکی قازانج نەویستە بەناوی "Born This Way" و گرنگی بە تەندروستیی گەنجان دەدات. لە 2019 براندێکی تایبەت بە جوانکاریی ژنان خستە بازاڕەوە کە پێکهاتەکانی رووەکین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ