لە هەولێر بەڵگەفیلمێک لەبارەی کچانی رزگاربووی دەستی داعش پێشاندەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی "کچانی خۆر" لە دەرهێنانی رێبەر دۆسکی، دەرهێنەری کوردی دانیشتووی هۆڵەندا، لە هەولێر پێشاندەدرێت. فیلمەکە لەبارەی کچانی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش و ئایندەی ئەو منداڵانەیە کە لە ژنی ئێزدی و پیاوە داعشییەکان لەدایکبوونە.
 
فیلمەکە بەبۆنەی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، لەلایەن کونسڵخانەی گشتیی هۆڵەندا، کونسڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا، نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەندا و کۆمسیۆنی فیلمی کوردستان، سبەی سێشەممە 6ـی ئابی 2024 لە سینەما ئێمپایەر پێشاندەدرێت و دوو کچی رزگاربووی دەستی داعش کە لە فیلمەکەدا بەشداربوونە، ئامادە دەبن. 
 
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، لە هوتێل دیڤان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەشێک لە فیلمەکە بۆ رۆژنامەڤانان پێشانبدرێت و پانێڵێک بۆ کچە بەشداربووەکانی فیلمەکە و دەرهێنەری فیلم رێکدەخرێت.
 
"Daughters of the Sun" یاخود "کچانی خۆر"، ماوەکەی 74 خولەکە و رۆی ڤان ئیگمۆند کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە. ساڵی رابردوو لە سینەماکانی هۆڵەندا پێشاندراوە.
 
رێبەر دۆسکی، ئەمڕۆ دووشەممە، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی "کچانی خۆر"، میوانی بەرنامەی نووڕۆژی رووداو بوو و لەبارەی فیلمەکە رایگەیاند، بەڵگەفیلمەکەی پێشتر لە هۆڵەندا پێشاندراوە و حەوت کچی بەشداربووی فیلمەکە بانگهێشتی هۆڵەندا کران و یەک مانگ مانەوە. گوتیشی، بەڵگەفیلمەکە یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە حکومەتی هۆڵەندا هێرشی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزدی بە کۆمەڵکوژی بناسێنێت.  
 
لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کچانی رزگاربووی دەستی داعش کە لە فیلمەکەدا بەشداربوونە، رێبەر دۆسکی گوتی، کاری هەرە سەخت ئەوە بوو وەک دەرهێنەر چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، ئەو وەک پیاوێک چۆن بتوانێت داوا لەو کچانە بکات دڵیان بۆی بکەنەوە و باسی چیرۆکەکەیان بکەن، لە کاتێکدا هەر پیاو دەستدرێژی کردووەتە سەریان، بۆیە ئامادەکاری بۆ فیلمەکە سێ ساڵی خایاندووە، دواتر وێنەگیراوە.
 
دۆسکی، روونیشیکردەوە، لەگەڵ کچانی کوردی ئێزدیی قوربانی دەستی داعش چووەتە لالش، لە کەمپ لەگەڵیان دانیشتووە، لەگەڵ ئەوان نانی خواردووە و گریاوە، تا ئەو کاتەی متمانەیان پێیکردووە.
 
"کچانی خۆر" لە 6 تاوەکو 9ـی ئابی 2024 بێ بەرامبەر لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر پێشاندەدرێت.
 
رێبەر دۆسکی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێک لە مژارەکانی نێو فیلمەکە، ئایندەی ئەو منداڵانەیە کە دایکیان ئێزدی و باوکیان داعشە، چونکە کۆمەڵکەی ئێزدی رێگەی بە منداڵی ژنێکی ئێزدی نادات کە باوکی موسڵمان بێت، هەروەک لە ئایینی جووەکان مەرجە، جوویەک مەرجە لە دایکێکی جوو لە دایکبووبێت.
 
کچانی کوردی ئێزدییە گەنج و منداڵ، کاتێک لە شنگال رفێندران، بە شێوەیەکی دڕندانە لە ماڵباتەکانیان جیاکرانەوە، بە زۆر کران بە موسڵمان و دەستدرێژی سێکیان کراوەتە سەر، لە دوای رزگاربوونیان گەڕوانەتەوە نێو کۆمەڵگە، بەڵام دیار نییە ئەوان دەتوانن ژیانێکی نوێ دەستپێبکەنەوە یاخود نا، ئەمە ناوەڕۆکی بەڵگەفیلمەکەیە. 
 
لە 3ـی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر شنگال و زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی رفێندران، دواتر لە تشرینی دووەمی 2015 و بە بەشداریی زیاتر لە حەوت هەزار و 500 پێشمەرگە شنگال کۆنترۆڵکرایەوە.
 
بەشی زۆری ئەو کچە کوردە ئێزدیانەی داعش رفاندنی؛ بەزۆر ژیانی هاوژینییان لەگەڵ پێکهێنراوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەوانە رزگاریان بووە و بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە .
 
رێبەر دۆسکی لە 1975 لە دهۆکی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە بواری دەرهێنانی فیلم لە ئەکادیمیای فیلم لە ئەمستردام خوێندوویەتی، یەکەم بەڵگەفیلمی بەناوی "The Call" لە 2013 بەرهەمهێناوە، دواتر بەڵگەفیلمی "The Sniper Of Kobani" بەرهەمهێناوە، پاشان بەڵگەفیلمی "رادیۆی کۆبانێ"ـی بەرهەمهێناوە و لە رێگەیەوە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئەمستردام - ئێدفا لە هۆڵەندا خەڵاتکراوە، جگە لە چەندین خەڵاتی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا و لە 2017 بەڵگەفیلمی "Meryem"ـی بڵاوکردووەتەوە. یەکێکی دیکە لە فیلمەکانی دۆسکی، بەڵگەفیلمی "سدیق و پڵنگ"ـە کە لە 2019 بەرهەمهاتووە.
 
ئەو دەرهێنەرە کوردە کە پشتیوانی دارایی بۆ فیلمەکانی لە هۆڵەندا وەردەگرێت، دوو خەڵاتی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام – ئێدفا وەرگرتووە کە یەکێک لە سێ باشترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمە لە جیهاندا.