جێنیفەر لۆپێز و بێن ئافلێک کۆشکێک بە 60 ملیۆن دۆلار دەکڕن

رووداو دیجیتاڵ

جێنیفەر لۆپێز و بێن ئافلێک، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ لای یەکدی، ماوەیەک بوو بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان و دواجار کۆشکێکیان کڕی بۆ ئەوەی پێکەوە تێیدا بژین و نرخەکەی 60 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
 
کۆشکەکە لە باڤرلی هێڵزە لە لۆس ئەنجڵس و ماوەی چەند مانگێک بوو ئەو دوو ئەکتەرە لەو ناوچەیە بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان.
 
ئۆتۆمبێلی ئەو دوو ئەستێرە جیهانییە و چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە نزیک نووسینگەیەکی خانووبەرە لە باڤرلی هیڵز بینراون، بۆیە پێشبینی دەکرێت کەلوپەلەکانیان گواستبێتەوە و بەم نزیکانە لە کۆشکەکەدا نیشتەنجێ ببن.
 
ئەو دوو ئەستێرەیە لە 2002ـەوە لە پەیوەندیدا بوون و دەستگیراندار بوون، بەنیازبوون لە 2003 ژیانی هاوژینی پێکبێنن، بەڵام لە 2004 جیابوونەوە، لە ئایاری 2021 دووبارە گەڕانەوە لای یەکدی و ئێستا دەستگیرانن.
 
جینیفەر لۆپیز، لە 24-7-1969 لە ئەمریکا لە دایکبووە، وەک گۆرانیبێژ، ئەکتەر و سەماکار ناسراوە، لە 1991 لە بەرنامەیەکەدا وەک سەماکارێک دەرکەوت، لە 1993 رووی لە کاری نواندن کرد، لە 1997 لە فیلمی سینەمایی 'Selena' رۆڵی گێڕا و داهاتی فیلمەکە یەک ملیۆن دۆلار بوو.
 
یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لۆپێز لە ستۆدیۆ بەناوی 'On the 6' لە 1999 بوو، لەگەڵ ئەوەش لە سینەما بەردەوام بوو و لە فیلمی ترسناک 'The Cell' رۆڵی گێڕا. 
 
داهاتی فیلمەکانی بە سێ ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت و زیاتر لە 70 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمە میوزیکییەکانی فرۆشراون.
 
بێن ئافلێک، لە 15-8-1972 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە دوو خەڵاتی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب.
 
لە تەمەنی منداڵیدا لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'The Voyage of the Mimi' لە 1984 تاوەکو 1988 رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، دواتر لە چەندین فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، پاشان رووی لە کاری دەرهێنان کردووە.