'Deadpool 3' وەک دوو بەشی پێشووی تەنیا بۆ گەورانە

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی سەرکەوتنی دوو بەشی پێشووی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Deadpool' لە سینەماکانی جیهاندا، بەشی سێیەمی بەرهەمدێت و بە هەمان شێوەی دوو بەشی پێشووی، تەنیا بۆ بینەری گەورە دەبێت.
 
بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە ئاشکرایان کردووە، بەشی سێیەمی فیلمەکە، بە هەمان شێوەی دوو بەشی پێشووی بۆ گەوران دەبێت، واتە ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵییە.
 
بڕیارە رایان رێنۆڵدز، ئەکتەری کەنەدی ئەمجارەش رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا بگێڕێتەوە و رەت ریس، نووسەری ئەمریکی و پاڵ وۆرنیک نووسەری کەندی، سیناریۆی بەشی سێیەمیان نووسیوە کە پێشتر سیناریۆی هەردوو بەشی پێشووشیان ئامادەکردووە، شۆن لیڤی کاری دەرهێنانی بۆ دەکات کە پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ بەشی یەکەم کردووە.
 
داهاتی بەشی دووەمی 'Deadpool' لە سینەماکانی جیهاندا 785 ملیۆن و 896 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 110 ملیۆن دۆلارە، واتە حەوت هێندەی بودجەکەی داهاتی بەدەستهێناوە.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، هەربۆیە بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی دیکەی درا، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 782 ملیۆن و 836 هەزار دۆلار بوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 58 ملیۆن دۆلار بوو.
 
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە، باس لە کارکتەری دیدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە و لەگەڵ گرووپەکەی هەوڵ بۆ پاراستنی ژیانی منداڵێک دەدەن.
 
رایان رێنۆڵدز، ئەکتەر و بەرھەمھێنەری سینەمایی، لە 1991ـەوە وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، لە رێگەی هەردوو بەشی زنجیرە فیلمی 'Deadpool' ناوبانگی پەدایکردووە کە لە 2016 و 2018 بڵاوکرانەوە.