گووگڵ یادی 360 ساڵەی لەدایکبوونی داهێنەری پیانۆ دەکاتەوە

06-05-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن گووگڵ پیانۆ بارتۆلۆمیۆ کریستۆڤەر
A+ A-

رووداو - هەولێر

گەورە کۆمپانیای جیهانی گووگڵ، لەسەر یەکەم لاپەڕەی وێبگەڕی خۆیدا، یادی رۆژی لە دایکبوونی بارتۆلۆمیۆ کریستۆڤەر، داهێنەری ئامێری پیانۆ و چەندین ئامێری دیکەی میوزیکی دەکاتەوە.

کریستۆڤەری داهێنەری ئیتاڵی، لە 4-ی ئایاری 1655 لە وڵاتی ئیتاڵیا لە دایکبووە، داهێنەری ئامێری پیانۆ و چەندین ئامێری دیکەی میوزیکە، گەورە کۆمپانیای گووگڵ-یش لەسەر لاپەڕەی یەکەمی گەڕانەکەی خۆیدا، بە دانانی وێنەیەکی کێشراوی ناوبراو کە پیانۆ دەژەنێت، یادی 360 ساڵەی لە دایکبوونی ئەم داهێنەرە دەکاتەوە.

کریستۆڤەری لە شاری بادوڤا لە کۆماری بندوقییەی ئەو سەردەمە کۆگایەکی دروستکردنی ئامێری میوزیکی هەبووە، چیرۆکی زۆر لەسەر ژیانی ئەم داهێنەرە بڵاودەکرێنەوە، بەڵام زۆر دەگمەنن ئەو چیرۆکانەی بەڵگەی مێژوویی و زانستیان هەبێت.

یەکێک لە باوەڕپێکراوترین چیرۆکەکانی ژیانی داهێنەری پیانۆ ئەوەیە، کە ناوبراو لەگەڵ پاشای ئەو سەردەمەی ئیماڕاتێکی سەربەخۆی بچووک لە بوندقییە بە ناوی فردیناندۆ دی مێدیشی، کوڕی کۆزیمۆ-ی سێیەم کاریکردووە، ئەم ئەمیرەش خۆشەویستی بۆ هونەر بەگشتی و میوزیک بەتایبەتی هەبووە، ئەمەش هاندەرێک بووە بۆئەوەی کریستۆڤەری ببێتە داهێنەر و دروستکەری ئامێرە میوزیکییەکان.

بارتۆلۆمیۆ کریستۆڤەری لە 27-ی کانوونی دووەمی 1731 لە تەمەنی 76 ساڵی کۆچی دواییکردووە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە