رووداو دیجیتاڵ
کورتە فیلمی 'ماڵێکی تاریکی سپی' لە دەرهێنانی هەردی حەسەن، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی دەیەمین فێسیتڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی وێنە لە لوبنان کێبڕکێ دەکات.
هەردی حەسەن، دەرهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکەی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی لە فێسیتڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی وێنە لە لوبنان وەرگیراوە کە چالاکییەکانی لە 4 تاوەکو 6 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. گوتیشی، فیلمەکەی لەگەڵ 34 کورتە فیلمی دیکە لە کێبڕکێ دایە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمەی لە هەمانکاتتدا لە بەشی پێشبڕکێی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەلعەودە لە فەڵەستین بەشدارە، هەروەها لە شوباتی رابردوو، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گەردوون لە هیندستان بەدەستهێناوە.
روونیشیکردەوە، ئەو وەک فیلمسازێک بەردەوام هەوڵ بۆ ئەوە دەدات لە رێگەی سینەماوە ببێتە ئاوێنەی کۆمەڵگەکەی و لە خەڵک لە فیلمەکانیدا خۆیان ببینەوە، هەورەها لە رێگەی فیلمەوە چیرۆکی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی بە جیهان بناسێنێت و کولتوور و مێژووی کورد لە هۆڵە سینەماییەکاندا بخاتەڕوو.
هەردی حەسەن، جگە لەوەی کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە، نووسەر و بەرهەمهێنەریەتی و لەلایەن سەنتەری ئاڵا بەرهەمهێنراوە.
ماوەی فیلمەکە 18 خولەکە و باس لە دانا و شیرین دەکات کە لە نێوان چیڕۆکی نووسەرێک و ژیانی راستەقینەیان خۆیاندا، لە فیلمی دەرهێنەرێکدا ون دەبن، دانا دەیەوێت ئەو دۆخەی کە پێشتر بۆیان هاتووەتە پێش؛ لە ژیانی راستەقینەیاندا چارەسەری بکات، بەڵام چیرۆکەکە لە نووسەر ون دەبێت و ژیانێکی دوور لە ژیانە سادە و جوانەکیان دەکرێت بە فیلم و بە شێوازێکی نەرێنی دەخریتەڕوو.
لەم بەرهەمەدا هەریەک لە سارینا پەناهیدە، کارۆخ سەیفەدین و مۆژدە سەیفپەناهی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ