تەیلەر سویفت سوپرایزی 66مین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گرامی بوو

رووداو دیجیتاڵ

66مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی بەڕێوەچوو و تەیلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی توانی 13مین خەڵاتی گرامی بەدەستبێنێت، ئەویش خەڵاتی باشترین ئەلبوومی پۆپ بوو بۆ ئەلبوومی 'Midnights' و خولێکی گرنگ بوو بۆ هونەرمەندانی ژن و توانییان زۆربەی خەڵاتەکان بەدەستبێنن.
 
ئەو هونەرمەندە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، رایگەیاند، ئەمە 13مین گرامییە بەدەستی دەهێنێت، ئەمەش ژمارەی بەختییەتی و سوپاسی ئەندامانی ئەکادیمیای کرد کە بەم شێوەیە دەنگیان داوە و سوپاسی جەماوەرەکەی کرد، چونکە بە بڕوای ئەو دەنگدانی لیژنە، بۆ رەنگدانەوەی راستەوخۆی حەز و خولیای جەماوەر دەگەڕێتەوە.
 
سویفت ئاشکرای کرد، نهێنییەک دەدرکێنێت، ئەویش ئەلبوومێکی نوێی گۆرانییە و بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو بە نهێنی هێشتبوویەوە و بەنیازە لە 19 نیسانی ئەمساڵ بەناوی ' The Tortured Poets Department' بڵاوی بکاتەوە.
 
سیزا، گۆرانیبێژی ئەمریکی، توانی خەڵاتی گرامی بۆ باشترین گۆرانی ئاڕ ئاند بی بەدەستبێنێت و گۆرانی 'Snooze'ـی پێشکێشکرد و بۆ نۆ خەڵات بەربژێرکرابوو.
 
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی شوباتی 2024 لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکای بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە هونەرمەندان گۆرانییان پێشکێشکرد.
 
رووداوی پێشبینینەکراوی رێوڕسمی ئەمساڵی گرامی، دەستگیرکردنی کیلەر مایک، راپەری ئەمریکی بوو لە دوای ئەوەی سێ خەڵاتی گرامی بەدەستهێنا.
 
ئەو گۆرانیبێژە بەربژێری خەڵاتی باشترین گۆرانی راپ، باشترین پێشکێشکردنی راپ و باشترین ئەلبوومی راپ بوو و توانی هەرسێ خەڵاتەکە بەدەستبێنێت.
 
خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بۆ کاری سینەمایی و درامایی بۆ فیلمی 'Oppenheimer' بوو کە ئاوازدانەرەکەی لۆدڤێگ یۆرانسۆن، ئاوازدانەری سوێدییە.
 
بیڵی ئایڵش، گۆرانیبێژی ئەمریکی، خەڵاتی باشترین گۆرانی نووسراو بۆ فیلم و باشترین گۆرانی ساڵی لە رێگەی گۆرانی 'What Was I Made For' لە فیلمی 'Barbie' بەدەستهێنا.
 
خەڵاتی دۆکتۆر دری بەخشرایە جەی زەی، راپەری ئەمریکی، وەک رێزێک لە تەمەنێک چالاکی لە ماوەی 30 ساڵ کاری هونەرییدا. ئەو هونەرمەندە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، رەخنەی لە رێکخەرانی خەڵاتەکە گرت کە خەڵاتی باشترین ئەلبوومی ساڵیان بە بیۆنسێ، هاوژینی و گۆرانیبێژی ئەمریکی نەداوە.
 
مایلی سایرس، گۆرانیبێژی ئەمریکی، خەڵاتی باشترین گۆرانیگوتنی میوزیکی پەپی لە رێگەی گۆرانیی 'Flowers' بەدەستهێنا.
 
گرووپی میوزیکی ئەمریکی 'Boygenius' توانی سێ خەڵات لە رێوڕەسمەکەدا بەدەستبێنێت، ئەویش باشترین پێشکێشکردنی گۆرانی رۆک، باشترین ئەلبوومی میوزیکی جێگرەوە و باشترین گۆرانی رۆک بوو.
 
هەروەها گرووپی '123 Andrés' خەڵاتی باشترین گۆرانی منداڵانی بۆ ئەلبوومی ' We Grow Together Preschool Songs' بەدەستهێنا.
 
گرامی بە یەکێک لە گرنگترین خەڵاتەکانی بواری میوزیک لە ئاستی و ئەمریکا و جیهاندا دەناسرێت.