دوو ئەکتەر داوای 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە کۆمپانیایەک دەکەن

05-01-2023
پەسار فایەق
ئۆلیڤیا هاسی و لیۆنار وایتنگ لە فیلمی 'Romeo and Juliet'
ئۆلیڤیا هاسی و لیۆنار وایتنگ لە فیلمی 'Romeo and Juliet'
نیشانەکردن 'Romeo and Juliet'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەکتەری سینەمایی، بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی نەوجەوانیدا لە دیمەنێکی رووتدا لە فیلمی سینەمایی 'Romeo and Juliet' وێنەیان گیراوە، داوای 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی قەرەبوو لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمەکە کردووە کە کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 1968 بڵاوکرایەوە، ئەوکات ئۆلیڤیا هاسی تەمەنی 15 ساڵ بووە و ئێستا تەمەنی 71 ساڵە، لیۆنار وایتنگ ئەوکات تەمەنی 16 ساڵ بووە و ئێستا تەمەنی 72 ساڵە. 
 
ئەو دوو ئەکتەرە سکاڵاکەیان لە دادگای باڵای لۆس ئەنجلس تۆمارکرد و بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە بە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی و فێڵکردن تۆمەتبار دەکەن.
 
سکاڵاکە بەهۆی دیمەنێکی رووتی ئەو دوو ئەکتەرەیە لە نێو فیلمی 'Romeo and Juliet'، تێیدا وایتنگ رۆڵی رۆمیۆ و هاسی رۆڵی جولیێت دەگێڕێت و فرانکۆ زێفیرێلی دەرهێنەریەتی و لە 2019 کۆچی دوایی کردووە.
 
ئەو دوو ئەکتەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەبێ ئاگاداری خۆیان بە رووتی لە فیلمەکەدا وێنەگیراون، ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی ویلایەتی کالیفۆرنیایە لە ئەمریکا کە نابێت منداڵان و نەوجەوانان لە کار و بەرهەمەکاندا بەکاربهێندرێن.
 
کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرز تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
هوسی، لە هەڤپەیڤینێکیدا لە 2018 بۆ یادی 50 ساڵەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، بەرگری لە دیمەنی رووتی خۆی لە فیلمەکەدا کرد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "پێشتر کەس لە هاوتەمەنەکانی من ئەو کارەی نەکردووە"، روونیشی کردەوە، زێفیرێلی بە سەلیقەیەکی زۆرەوە دیمەنەکەی وێنەگرتووە و بۆ فیلمەکە پێویست بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە