رووداو – ئاژانسەکان
هازال کایا، خانمە ئەکتەری بەناوبانگی تورکیا، داوا لە دەستەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەکات کە هەوادارێکی ئێرانی لە تورکیا دووربخەنەوە، ئەمەش بەهۆی سەرشێتی کوڕە ئێرانییەکە.
چیرۆکەکە بەوە دەستپێدەکات، کاتێک ئەم هەوادارەی هەزال کایا، کە گەنجێکی ئێرانییەو لە تورکیا دادەنیشێت، وەک هەر هەوادارێکی دیکە دیاری بۆ شوێنی کار و وێنەگرتنی ئەم ئەکتەرە دەنێرێت، بەڵام کایا لەو وشانە بێزار دەبێت، کە گەنجەکە لە نامەیەک هاوپێچ لەگەڵ دیارییەکان بۆی ناردووە.
ئاژانسەکان لە زاری کایا بڵاویانکردووەتەوە، ئەم گەنجە ئێرانییە لە نامەکاندا ئەم ئەکتەرەی بە "خۆشەویستم، هاوژینە خۆشەویستەکەم، رووحەکەم" بانگکردووە، ئەمەش وایکردووە کە ناوبراو سکاڵای یاسایی لە دژی ئەم گەنجە ئێرانییە تۆماربکات.
دادگا بڕیاری قەدەخەکردنی نزیکبوونەوەی ئەم گەنجەی لە هازال بۆ ماوەی 4 مانگ دەرکردووە، بەڵام ئەم گەنجە ئێرانییە بەردەوامبووە لە ناردنی نامەی خۆشەویستی، هەر بۆیە ئەم ئەکتەرە کێشەی نیشتەجێبوونی گەنجە ئێرانییەکەی بەکارهێناوە، کە لە کۆلێژی پزیشکی تورکیا دەخوێنێت و داوای لە دەستەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردووە، چیدیکە رێگە بە مانەوەی ئەم گەنجە لە نێو خاکی تورکیا نەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ