کازم ساهیر بەهۆی دۆخی عێراقەوە کۆنسێرتێکی هەڵوەشاندەوە

رووداو - هەولێر

بەهۆی دۆخی ئێستای عێراق و بەردەوامیی خۆپێشاندانەکانەوە، کازم ساهیر، هونەرمەندی گۆرانیبێژی عێراقی کۆنسێرتێکی لە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لە 12 ئەم مانگەدا سازیبکات. بەو هۆیەشەوە داوای لێبوردنی لە هاندەرەکانی لەو وڵاتە کرد.
 
بەشێک لە هونەرمەندانی عێراقی هەڵوێستی جیاجیایان لەبارەی دۆخی ئێستای عێراقەوە هەبوو. کازم ساهیر یەکێک لەو هونەرمەندە عێراقییانەیە کە لەم بارەیەوە هەڵوێستی هەبووە. ئەویش هەڵوەشاندنەوەی یەکێک لە کۆنسێرتەکانی بوو کە
بڕیاربوو لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی ریاز لە سعوودیە بەڕێوەبچێت. 
 
کازم ساهیر لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆیدا لە فەیسبووک رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئێستای وڵاتەکەیەوە کۆنسێرتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
 
ساهیر داوای لێبوردنی لە هاندەرەکانی لە سعوودیە کردووە. لە هەمانکاتدا سوپاسی تێگەیشتنیان بۆ دۆخکە دەکات.
 
بەم دواییە ساهیر چەندین پۆست و ڤیدیۆی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردوونەتەوە و هاوسۆزیی خۆی بۆ داواکاریی خۆپێشاندەران نیشانداوە.
 
کازم ساهیر لە 12 کانوونی یەکەمی 1957 لە موسڵ لەدایکبووە. جگە لە رەگەزنامەی عێراقی، رەگەزنامەی قەتەری و کەنەدیی هەیە. نازناوی "باڵیۆزی گۆرانیی عێراقی" و "قەیسەری گۆرانیی عەربی"ـی هەیە.
 
ساهیر لە ساڵی 1984دا یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "شجرة الزیتون" بڵاوکردووەتەوە و دواتر درێژەی بە کارە هونەرییەکانی داوە و لەدوای ئەوەی  شیعرەکانی نزار قەبانی، شاعیری سووریی بۆ گۆرانییەکانی بەکارهێنا، ناوبانگێکی زۆری لە جیهانی عەرەبیدا پەیداکرد.